ئەو گەنجەی لە قەڵادزێ بە چەقۆ ھێرشی كرایە سەر گیانی لەدەست دا
"چەقۆ بە شوێنی ھەستیاری كەوتبوو"
K24 - قەڵادزێ
دوو ھەفتە لەمەوبەر، لە قەڵادزێ بە چەقۆ ھێرش كرایە سەر گەنجێك و دوای چەند رۆژێك مانەوە لەژێر چاودێریی پزیشكی، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی گیانی لەدەست دا.
ئاراس ئەمین، پەیامنێری كوردستان24 لە رانیە رایگەیاند: "دژوار حەسەن، ئەو قوتابییە تەمەن 17 ساڵییەی دوو هەفتە لەمەوبەر، لەبەردەم قوتابخانەی راپەڕینی قەڵادزێ، لەلایەن ژمارەیەک لە هاوپۆلەکانییەوە بە چەقۆ ھێرشی كرایەسەر، بە هۆی سەختیی برینەکانی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانی لەدەست دا".
رائید شۆڕش ئسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە کوردستان24ی گوت: "بە هۆی سەختیی برینەکەی، دژوار گیانی لەدەست دا".
ڕۆژنامەنووس محەمەد گربداغی، كه یەكێكە لە كەسە نزیكەكانی دژوار، هەواڵەکەی بۆ كوردستان24 پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "چەقۆ بە شوێنی کاریگەر و هەستیاری دژوار كەوتبوو، بۆیە نەتوانراوە ژیانی رزگار بکرێت".
ئەوەشی خستەڕوو: "دوو لەو کەسانەی لە دژواریان داوە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرابوون، بەڵام ئێستا یەکێکیان بە کەفالەت ئازاد کراوە".
ھ.م




