گرژیی نێوان دوو دراوسێ گه‌یشته ئاسمان
ئاڵۆزييه‌كانى نێوان هيندستان و پاكستان پێيان نايه قۆناغێكى نوێوه
K24 – هه‌ولێر:
ئاڵۆزييه‌كانى نێوان هيندستان و پاكستان پێيان نايه قۆناغێكى نوێوه و پاكستان رايگه‌ياند، دوو فڕۆكه‌ى جه‌نگیى سوپاى هيندستانيان له ئاسمانى وڵاته‌كه‌يان تێكشكاندووه و فڕۆكه‌وانێكى هيندستانیش ده‌ستبه‌سه‌ره.
پێشتريش راگه‌يه‌ندرابوو، كه دوو فڕۆكه‌وانى هيندستانى و ژماره‌يه‌ك هاووڵاتیى له به‌شه هيندييه‌كه‌ى كشمير، كوژراون.
ئاژانسى رۆيته‌رز بڵاويكرده‌وه، 3 فڕۆكه‌ى پاكستان ئاسمانى هيندستانيان به‌زاندووه و له لايه‌ن هێزى ئاسمانى هيندستانه‌وه ناچار كراون ئاسمانى ناوچه‌كه به‌جێبهێڵن.
سه‌رچاوه ئه‌منييه‌كان باسيان له‌وه كردووه، ده‌سه‌ڵاتدارانى هيندستان بۆ ماوه‌ى سێ كاتژمێر فڕۆكه‌خانه‌ى سرينگاريان له كشمير داخستووه.
پێشتريش ميدياى ئه‌و وڵاته بڵاويكردبووه‌وه، كه 5 سه‌ربازى هيندستانى به گولـله‌ى هێزه پاكستانيان پێكراون، له به‌رامبه‌ريشدا سوپاى هيندستان پێنج خاڵى چاودێریى سوپاى پاكستانى له سه‌ر سنوور كردۆته ئامانج.
ئه‌و گرژيیانه دواى ئه‌وه هاتن، كه رۆژى سێشه‌ممه 26ى شوبات/ فێبرايه‌رى 2019، فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى هيندستان هێرشيان كرده سه‌ر به‌شه پاكستانييه‌كه‌ى كشمير و سه‌ربازگه‌ى "سوپاى موحه‌ممه‌د"يان بۆردومان كرد، كه لانيكه‌م 300 ئه‌ندامى ئه‌و رێكخراوه كوژران و بريندار بوون.
كشمير هه‌رێمێكه له نێوان هيندستان و پاكستان دابه‌ش كراوه و ژماره‌يه‌ك رێكخراوى چه‌كدارى ئيسلامى له به‌شه هيندييه‌كه‌ى كشمير، داواى سه‌ربه‌خۆيى ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه: رۆيته‌رز
ئ.ر