ميسر تاوانه‌كانی ئه‌ردۆغان له 6 خاڵدا ده‌خاته‌ڕوو
"ئه‌ردۆغان زماندرێژیی به‌رامبه‌ر وڵات و سه‌ركرده‌كانمان ده‌كات"
K24- هه‌ولێر:
قاهیره وه‌ڵامێكی توندی لێدوانه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌داته‌وه، كه ئه‌ردۆغان له لێدوانه‌كه‌یدا هێرشی كردبووه سه‌ر ئه‌وڕوپا، به‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندیی باشیان له‌گه‌ڵ عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر هه‌یه، له‌كاتێكدا وه‌ك ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی پێدا، سزای له سێداره‌دان له میسر كارایه و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان ئه‌وڕوپا و سیسی، نادادپه‌روه‌رانه‌یه.
ئه‌حمه‌د حافیز، وته‌بێژی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی میسر له وه‌ڵامه‌كه‌یدا بۆ ئه‌ردۆغان گوتی: "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا جارێكی دیكه به ره‌خنه‌گرتن له وڵاته‌كه‌مان و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیمان، زمانی له‌سه‌ر میسر به شێوه‌یه‌ك درێژ كرده‌وه، كه نه‌ك ته‌نیا ئیره‌یی بردن به میسری پێوه دیاره، به‌ڵكو ئاماژه‌یه‌كی روون و ئاشكرایه‌و كه به‌رده‌وامه له‌سه‌ر داڵده‌دانی گرووپی ئیخوانی تیرۆریست و لایه‌نگرانی".
حافیز له وه‌ڵامه‌كه‌یدا تاوانه‌كانی ئه‌ردۆغانی له‌م 6 خاڵانه‌دا كورت كرده‌وه:
1- ئه‌ردۆغان زیاتر له 175 رۆژنامه‌نووس و میدیاكاری خۆستۆته زیندان.
2- ئاماره فه‌رمییه‌كان ئاماژه به بوونی زیاتر له 70 هه‌زار زیندانیی سیاسیی له گرتووخانه‌كانی توركیا ده‌كه‌ن.
3- ئه‌ردۆغان زیاتر له 130 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری حكوومی له كاره‌كانیان دوورخستۆته‌وه.
4- ئه‌ردۆغان و دار و ده‌سته‌كه‌ی ده‌ستیان به سه‌ر زیاتر له 3 هه‌زار زانكۆ، قوتابخانه و ناوه‌ندی فێركاریدا گرتووه.
5- له ساڵی 2016 ئه‌نقه‌ره 27 كه‌سایه‌تیی ئه‌كادیمی ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه سزاداوه، كه پێشنیازێكیان واژۆ كردووه و تێیدا داوای كۆتاییهێنان به ململانێی 30 ساڵه‌ی نێوان كورد و توركیا كراوه. له‌و باره‌یه‌وه وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی میسر گوتی: "ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه، كه ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی توركیا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته".
6- له ماوه‌ی ته‌نیا 2 هه‌فته‌ی رابردوودا، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ 1400 هاووڵاتیی توركیا ده‌ركراوه، رێكاری سزاییش له دژی ده‌یان كه‌سایه‌تیی ئه‌كادیمی، رۆژنامه‌نووس و دروشمه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌ستی كار له‌و وڵاته گیراوه‌ته به‌ر، كه له دوا فه‌رماندا، سزای زیندانیكردنی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر 16 كه‌سدا سه‌پاندووه، له‌ناویان پارێزه‌رانی ئازادییه‌كانی سڤیل و ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسی ئۆپۆزسیۆن هه‌ن، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن، له كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاشتییانه موماره‌سه‌ی ئازادییه‌كانیان بكه‌ن.
ئه‌م وه‌ڵامه‌ی قاهیره دوای ئه‌وه هاتووه، كه دوێنێ سه‌رۆكی توركیا به توندی هێرشی كرده سه‌ر ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئه‌وڕوپا، كه داوای لابردنی سزای له‌سێداره‌دان له توركیا ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا وه‌ك ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی پێدا، هه‌مان ئه‌و سه‌ركردانه له‌گه‌ڵ سیسی له په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وام دان.
ئه‌ردۆغان له لێدوانه‌كه‌یدا رووی قسه‌كانی له سه‌ركرده‌كانی ئه‌وڕوپا كرد و گوتی: "ئێوه پێمان ده‌ڵێن كه نابێت كار به سزای له‌سێداره‌دان بكه‌ن، دواتریش وێنه له‌گه‌ڵ كه‌سێك ده‌گرن، كه 42 كه‌سی میسری له‌سێداره داوه"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر.
H.B