ترەمپ دان بە شکستی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا دەنێت
باسی هاتنی بۆ عێراق و مەترسییەکان دەکات
K24 – ههولێر:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دان بە شکستی سیاسەتی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق دەنێت و دەڵێت کاتی ئەوەیە سەربازەکانمان بگەڕێنەوە.
لە کۆنفرانسی Conservative Political Action، ترەمپ ماوەی دوو کاتژمێر قسەی کرد و رایگەیاند کە لە دوو رۆژی داهاتوو داعش لە سووریا بە تەواوی تێکدەشکێندرێت و سوپای ئەمەریکاش جیا لە چەند سەربازێک دەکشێتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا گاڵتە بە سیاسەتی وڵاتەکەی لە سووریا و عێراق دەکات و دەڵێت: "ئێمە بۆ چوار مانگ چووینە سووریا، کەچی پێنج ساڵە لەوێین، ئەمە مایەی پێکەنینە".
لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەڵێت: "دوای خەرجکردنی حەوت تریلیۆن دۆلار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناتوانین بە فڕۆکە لە عێراق بنیشینەوە ئەگەر گڵۆپی فڕۆکەکە رۆشن بن. ئیدی کاتی ئەوەیە سەربازەکانمان بێنە ماڵەوە و کۆتایی بە جەنگە بێ کۆتاکان بێنین و هەوڵی باشتر کردنی ژێرخانی ئەمەریکا بدەین".
Anadolu Agency
H.J