دەمیرتاش داوا لە سەرۆک بارزانی دەکات واز لە یەکێتیی نەتەوەیی کورد نەھێنێت
له زیندانهوه سڵاوێكی گهرم و برایانه بۆ سهرۆك بارزانی دهنێرێت

K24 - ههولێر:
سهڵاحهددین دەمیرتاش داوا لە سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات واز لە یەکێتیی نەتەوەیی کورد نەھێنێت، چونکە رزگاربوون لەو بەڵایانەی بەسەر کورددا دێت، ھەموویان بە ھۆی نەبوونی ئەو یەکێتیی نەتەوەییەیە، کە بارزانی بۆ خۆی ھەوڵی زۆری بۆ داوە. ھەروەھا دەمیرتاش داوا لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆی نیگەران نەبن کە لە زیندانە، چونکە ئیدی ئەم سەدەیە سەدەی کوردە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، ھیچ ھێزێک ناتوانێت بەر بە کورد بگرێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی ھەدەپە، كه زیاتر لە دوو ساڵە لە زیندانی ئێدیرنا لە تورکیا زیندانی کراوە و چەندین تۆمەتی دراوەتە پاڵ، لە ھەموویاندا وەکوو پاڵپشتیکار لە تیرۆریست، کە مەبەستیان لە (پەکەکە)یە، تۆمەتبار کراوە. لە دیدارێكدا لهگهڵ ھەفتەنامەی (باس)، كه له ژمارهی ئهمڕۆی، سێشهممه 5/3/2019 دا بڵاوكراوهتهوه، سڵاوی گهرمی بۆ سهرۆك بارزانی و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ناردووه.
دهربارهی ئهوهی كه دوای ئەوەی خراوهتە زیندانەوە، لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە ھیچ پەیامێکی پێگەیشتووه؟، دهمیرتاش دهڵێت: "کاتێک ھاتە تورکیا و ھەروەھا کاتێک لیژنەیەکی ھەدەپە سەردانی ھەولێری کرد و چوونە لای بەڕێزیان، لە رێگەی ئەوانەوە سەلامی پڕ بایەخی ئەویان بۆ ھێنام. لەوە زیاتر ھیچ پەیامێکی تر لەنێوانماندا نەبووە، بەڵام ھەمیشە ھەستم کردووە، کە بارزانی بەرامبەر بە من، وەکو خۆشەویست و برا سەیری کردووم، پێچەوانەکەشی ھەر وایە، منیش بەرامبەر بە بارزانی خۆشەویستی و رێز و حورمەتێکی بێ سنوورم ھەیە بۆی. من لە زیندانەوە لە رێگەی ھەفتەنامەی (باس)ـەوە سەلامێکی گەرم بۆ بارزانی دەنێرم. کاتێک بارودۆخ زۆر بەرتەسک دەبێتەوە بۆ کورد، لە ھەموو لایەکیشەوە پەلاماری کورد دەدرێت، ئاگادارم، بەڵام ئەو پیلان و بەڵایەی بەسەر کورددا دێت، کۆتایی پێھێنانی یەک رێگەیە، ئەویش دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی کوردە. بەڕێزیان لەو رووەوە زۆر ھەوڵیان دا و زۆر پاڵپشتی ئەو پرسە بوون، بۆیە تکای لێ دەکەم وازی لێ نەھێنێت، با رۆحی یەکێتیی نەتەوەیی کورد لەدەست نەچێت. داواکارم بارزانی ھەمیشە تەندروست باش بێت و سەرکەوتوو بێت.
ههفتهنامهی باس له دهمیرتاشی پرسیووه: "کاتێک دەستگیر کرایت، ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان زۆر دڵگران بوون بۆت، شتێکت ھەیە بۆ ئەو خەڵکە؟"، دەمیرتاش له وهڵامدا گوتوویهتی: "با ئەوان دڵگران نەبن و خەمبار نەبن، بەڵکوو تووڕە بن و تووڕەبوونەکەشیان خەباتکردن بێت لەپێناو ئازادی. کام لە رۆشنبیر و سیاسی و سەرکردەی کورد، زیندان و ئاوارەیی و ئەشکەنجەی نەبینیوە و نەناسیوە؟ بەڵام ئەمە تا ئەبەد قەدەری ئێمە نییە، ئێمە ئەو قەدەرەی فەلەک دەشکێنین و قەدەری خۆمان دەگۆڕین.
ئێمە بێ ھێز و بێ چارە و بێ ئومێد نین، کەس با دڵگران نەبێت، چونکە بە بەرگریمان، بە دڵنیاییەوە ھەر دەگەینە سەرکەوتن. لەم زیندانە ساردەمەوە، بۆ ھەموو ھاووڵاتیێکی ھەرێمی کوردستان سڵاوێکی گەرم دەنێرم و خۆشەویستیی خۆمیان بۆ دەنێرم. خەڵکەکەشمان خەباتی لەسەر حەقیان پێ خۆشە و شانازی بەو خەباتەوە دەکەن. با ھەمووتان دڵتان ئاسوودە بێت، ھێز بدەنە ئەو خەباتەی ھاتۆتە ئاراوە، چونکە ئەم سەدەیە لەگەڵ ئێمە دایە و ھیچ ھێزێکیش لە دنیادا ناتوانێت بەرمان پێ بگرێت.