حكوومه‌تی هه‌رێم گرێبه‌ستێكی نوێ له‌گه‌ڵ دانه‌غاز و هیلالی ئیماراتی مۆر كرد

بۆ زیادکردنی ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا و پڕکردنەوەى پێویستیى ناوخۆیه‌

K24 - هه‌ولێر:

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرێبه‌ستێكی نوێی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای دانه‌غاز و نه‌وتی هیلالی ئیماڕاتی بۆ په‌ره‌پێدانی كێڵگه‌ی كۆرمۆر واژۆ كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆمپانیای دانه‌غاز، مه‌به‌ست له‌ گرێبه‌سته‌ نوێیه‌كه‌، بەرهەمهێنان و فرۆشتنى (250) ملیۆن پێ سێجاى تر غازه‌ لە ڕۆژێکدا، وەك بەشێك لە پلانەکانى فراوانکردنیان لە هەرێمى کوردستان لە پێناو زیادکردنی ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا لە هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پێویستیى ناوخۆ، بڕیاره‌ تا ساڵی 2021 ئه‌و بڕه‌ بەرهەم بهێنێت.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، پرۆژە فراوانکارییەکە لە کێڵگەى کۆرمۆر بە بڕى (700) ملیۆن دۆلار جێەجێ دەکرێت و زیادکردنى دوو یەکەی بەرهەمهێنان لە خۆ دەگرێت، ئه‌مه‌و له‌گه‌ڵ لێدانى بیرى نوێ، بە ئامانجى بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى رۆژانە لە (400) ملیۆن پێ سێ جاوە، کە ئێستا بەرهەم دەهێنرێت، بۆ (650) ملیۆن پێ سێ جا لە ڕۆژێکدا تا ساڵى 2021، لەسەر بنەماى ئەم گرێبەستەى فرۆشتنى غاز و دواتر بۆ (900) ملیۆن پێ سێ جا لە ڕۆژێکدا تا ساڵى 2022.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت: "ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکى گرنگە بۆ ئێمە، بە تایبەتی کە خزمەتگوزاریی باشتر بۆ هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانى عێراق دابین دەکەین لە ڕێگەى باشتربوونى ڕەوشى بەرهەمهێنانی کارەبا بە هۆى زیادکردنى بەرهەمهێنانى غاز لە لایەن کۆنسۆرتیۆمەکەوە".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆمپانیای دانه‌غاز:

"دانەغاز و نەوتى هیلال لە ماوەى دوو ساڵدا بەرهەمهێنانى غاز

لە کێڵگەى کۆرمۆر بە ڕێژەى 63% زیاد دەکەن

گرێبەستێکى (20) ساڵە بۆ فرۆشتنى غاز واژوو کرا لە نێوان پێرڵ پترۆلیۆم و حکومەتى هەرێمى کوردستان

بەرهەمهێنانى 250 ملیۆن پێ سێجاى تر لە فرۆشى غاز بۆ ئیش پێکردنى وێستگە نێوخۆییەکانى کارەبا

پلان داڕێژراوە بۆ  بەرزکردنەوەى ئاستى رۆژانەى  بەرهەمهێنانى غاز لە کێڵگەى کۆرمۆر بۆ 650 ملیۆن پێ سێجا لە ساڵى 2021 و دواتر  بۆ 900 ملیۆن پێ سێجا لە ساڵى 2022

کۆى گشتى بەرهەمهێنان لە ئێستادا دەگاتە (106) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا

بۆ دەستبەجێ بڵاوکردنەوە

6 ى ئادارى 2019

پێرڵ پترۆلیۆم (کۆمپانیاى سنوردارى پێرڵ پترۆلیۆم)  ، ئەو کۆنسۆرتیۆمەى کە لە لایەن هەدوو کۆمپانیاى (دانەغاز) و (نەوتى هیلال) ى ئیماراتیەوە پێشەوایەتى دەکرێت ، گرێبەستێکى نوێى (20) ساڵەی لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان مۆرکرد بە مەبەستى بەرهەمهێنان و فرۆشتنى (250) ملیۆن پێ سێجاى تر غاز لە ڕۆژێکدا کە کۆنسۆرتیۆمەکە مەبەستیەتی تا ساڵی ٢٠٢١ بەرهەمی بهێنێت وەک بەشێک لە پلانەکانى فراوانکردنیان  لە هەرێمى کوردستانى عێراق لە پێناو زیادکردنی ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا لە هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پێویستى ناوخۆ.

دوابەدوای گەیشتن بە رێکەونتی یەکلاکردنەوەى کێشەکان لە نێوان هەردوولا لە ئابى 2017 ، ئەم گرێبەستە نوێیەی  فرۆشتنى غاز لە  19 ى شوباتى 2019 واژۆ کرا لە لایەن هەریەک لە بەڕێزان ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتیەکان لە بری حکومەتى هەرێمى کوردستان و مجید جعفر (بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى نەوتى هیلال و سەرۆکى ئەنجومەنى کارگێڕى کۆمپانیاى دانەغاز) لە بری (پێڕڵ پترۆلیۆم).  دواى ئەوە ڕێککەوتن لەسەر گشت مەرجەکانى گرێبەستەکە کرا ، لە نێویاندا ڕەزامەندى ئەنجومەنى تایبەت بە کاروبارى نەوت و غاز لە هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى کارگێڕى کۆمپانیاى (پێرڵ پترۆلیۆم)، و پرۆژەکە لە ئێستادا خراوەتە بوارى جێبەجێ کردنەوە.

پرۆژەى غازى کوردستان لە ساڵى  2007 دامەزرا کاتێک هەردوو کۆمپانیاى دانەغاز و نەوتى هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان مۆر کرد بۆ بەدەستهێنانى چەند مافێكى تایبەتى دياريكراو بۆ خەمڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردن و فرۆشتنى نەوت و غاز لە کێڵگەکانى (کۆرمۆر) و (چەمچەماڵ) لە هەرێمى کوردستانى عێراق. بەرهەمهێنان لەو وێستگەیە کە تازە دروستکرابوو ، تەنها لە دواى (15) مانگ لە تشرینى یەکەمى ساڵى 2008 دەستى پێکرد.  لە ساڵى  2009 کۆنسۆرتیۆمى (پێرڵ پترۆلیۆم)  پێک هێنرا بە هاوبەشى هەردوو کۆمپانیاى (دانەغاز) و(نەوتى هیلال) وەک پشکدارى سەرەكى و دواتریش یەک لە دوای یەک کۆمپانیاکانى OMV و MOL و RWE هەریەك بە پشکى (10%) هاتنە ناو کۆنسۆرتیۆمەکە.

ئەم پرۆژە فراوانکاریە کە لە ئێستادا لە کێڵگەى کۆرمۆر بە بڕى  (700) ملیۆن دۆلار جێەجێ دەکرێت زیادکردنى دوو یەکەی بەرهەمهێنان لە خۆ دەگرێت لە وێستگەى کۆرمۆر هەروەها لێدانى بیرى نوێ  بە ئامانجى بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى ڕۆژانە لە (400) ملیۆن پێ سێجاوە کە لە ئێستادا بەرهەم دەهێنرێت  بۆ (650) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تا ساڵى 2021 لەسەر بنەماى ئەم گرێبەستەى فرۆشتنى غاز و دواتر بۆ (900) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تا ساڵى 2022 . ئەم پلانى بەرهەمهێنانە وەک پالًپشتێک بوو بۆ فراوانکردنى وێستگەى (کۆرمۆر) کە لە تشرینى دووەم ئامادە کرا و ئاستى بەرهەمهێنانى بە ڕێژەى (30%) لە ڕێگەى بەرزکردنەوەى تواناى کارکردنى وێستگەکە و زیادکردنى ئاستى بەرهەمهێنان ، کە بە هۆیەوە دەتوانرێت ڕۆژانە (106) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنرێت ، بەمەش پرۆژەکه لە ئێستادا بە گەورەترین پرۆژەى کەرتى تایبەت لە بوارى پشکنین و بەرهەمهێنانى غاز لە عێراق هەژمار دەکرێت.  

هەوڵەکانى فرۆشتنى غاز لە کۆتایى ساڵى 2018 دەستى پێکرد بە پێى گرێبەستى پیشووى فرۆشتنى غاز کە لە کانونى دووەمى هەمان ساڵدا مۆرکرا ، وە گشت شایستە داراییەکانى لە کاتى خۆیدا وەرگیرا بە پێى گرێبەستەکە کە ئەمەش متمانە دەبەخشێت بۆ داڕشتنى نەخشە و پلانى وەبەرهێنان و فراوانکردنى پرۆژەکە کە کۆنسۆرتیۆمەکە لە ئێستادا پێوەى سەرقاڵە. پرۆژەى غازى کوردستان کە بەم دواییە یادى (10) ساڵەى بەرهەمهێنانى بەردەوامى کرایەوە ، غازى سروشتى لە کێڵگەى (کۆرمۆر) ەوە لە ڕێى هێڵى بۆریەوە دابین دەکات بۆ وێستگەکانى کارەبا لە بازیان و چەمچەماڵ و هەولێر لەگەڵ غازى ماڵان و کۆندێنسەیت کە لە بازاڕى ناوخۆ دەفرۆشرێن. 

لە ئابى ساڵى 2017 ، پێرڵ پترۆلیۆم بە چارەسەرى کۆتایى گەیشت لە کەیسى ناوبژیوانى لە گشت کێشە یاساییەکانى لەگەڵ حکومەتى هەرێم و لە نێویاندا یەکلاکردنەوەى شایستە داراییەکانى پێشووتر و پابەندبوونى پێرل پترۆلیۆم بە فراوانکردنى وەبەرهێنان لە پرۆژەکانیان لە هەرێمى کوردستان. کە لێدانى چەند بیرێک لە هەردوو کێڵگەى کۆرمۆر و چەمچەماڵ و دروستکردنى پاڵاوگەى بەرهەمهێنانى غاز و دەزگاگەلى دەرهێنانى شلەکان لەخۆ دەگرێت کە لە ئێستادا لە قۆناغى جێبەجێ کردن دایە. هەردوو کێڵگەکە لە لایەن (دانەغاز) و (نەوتى هیلال) ەوە لە بری پێڕڵ پترۆلیۆم بەڕێوە دەبردرێن.

کۆى گشتى وەبەرهێنان لە پرۆژەى غازى کوردستان تا ئەمڕۆ لە (1.6 $ ملیار) ملیارێک و شەش سەد ملیۆن دۆلار ڕەتى داوە بەمەش کۆى گشتى بەرهەمهێنانى هاوتاى نەوت گەیشتە نزيكەى (260) ملیۆن بەرمیل نەوت ، کە بە هۆیەوە توانرا چەندین ملیار دۆلار بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق بە گشتى پاشەکەوت بکرێت کە دەبوو لە کڕینى سووتەمەنى سەرف بکرێت لەگەڵ چەندین سوودى گەورەى ئابورى تر . ئەم کاریگەریە بەردەوام دەبێت لە گەشەسەندن شان بە شانى فراوانبوونى ئاستى بەرهەمهێنان لە ساڵانى دواتر.

لەم رووەوە ، بەڕێز دکتۆر ئاشتى هەورامى ، وەزیرى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند "ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکى گرنگە بۆ ئێمە بە تایبەتی کە خزمەتگوزارى باشتر بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانى عێراق دابین دەکەین لە ڕێگەى باشتربوونى ڕەوشى  بەرهەمهێنانی کارەبا بە هۆى زیادکردنى بەرهەمهێنانى غاز لە لایەن کۆنسۆرتیۆمەکەوە. هەرێمى کوردستان خاوەنى یەدەگێکى زۆرى غازە و حکومەتى هەرێمى کوردستان سوورە لەسەر گێڕانى ڕۆڵێکى ئەرێنى لە پێویستى ڕوو لە زیادبووى غاز و کارەبا لە عێراق و ناوچەکە." 

بەڕێز مجید جعفر (بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى نەوتى هیلال و سەرۆکى ئەنجومەنى کارگێڕى کۆمپانیاى دانەغاز) ووتى: "ئەم گرێبەستى فرۆشتنى غازە دەسپێکى قۆناغێکى نوێى فراوان كردنى پرۆژەى غازى کوردستانە کە ئەمەش لە چەند ساڵى ئایندە پێویستى بە وەبەرهێنانى زياتر لە  (700) ملیۆن دۆلارى تر دەبێت بۆ فراوانکردنى ئاستى بەرهەمهێنان بۆ (900) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەمەش دۆخى ئابورى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە باشتر دەبێت. وە هیوادارین کە بتوانین بەردەوام بین لەو بەرەو پێشەوە چوونە لە چەند ساڵى ئایندە لەو کێڵگه بايەخدارانە ،  لە پێناو بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان و تەواوى عێراق".

د. پاتریک ئەڵمان وارد (بەڕێوەبەرى جیبەجێکارى کۆمپانیاى دانەغاز) ڕایگەیاند: "مایەى شانازیە بۆ دانەغاز و هاوبەشەکانمان لە پیرڵ پترۆلیۆم بە تایبەتى کە توانیمان وەبەرهێنانى زیاتر بکەین لە سێکتەرى غاز لە هەرێمى کوردستانى عێراق و دابینکردنى سەرچاوەیەکى پشت پێ بەستووى وزەى پاکتر و هاوکارى کردنى پەرەسەندنى ئابورى ناوخۆ. بەردەوامى لە وەرگرتنى گشت شایستە داراییەکان لە کاتى خۆیدا متمانەمان پێ دەبەخشێت لە بەردەوام بوون لە وەبەرهێنان لە کاتێکدا کە پێ دەنێینە نێو دەیەى دووەمى بەرهەمهێنان".

وەک بەشێک لە کارەکانى لە هەرێمى کوردستان، پێرڵ هەستا بە جێبەجێکردنى بەرنامەى بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتى بۆ هاوکاریکردنى خەڵکى ناوچەکە ، ئەو کار و چالاکیانەش کە لەو بارەیەوە بە ئەنجام گەیەنراون بریتین لە: دابینکردنى پێداویستى خوێندن و چارەسەرکردنى ئاوى خواردنەوە و دابین کردنی موەلیدە و کارەباى بەردەوام بۆ گوندەکان بە بەکارهێنانى سووتەمەنى و چەند یەکەیەکى پزیشکى گەڕۆک و دامەزراوەى وەرزشی بۆ گەنجان و پێشکەش کردنى کۆمەکى دارایى بۆ (1000) منداڵى بێ دایک وباوک لە سنوورى چەمچەمال بە هاوبەشى لەگەڵ دەزگاى خێرخوازى ناوخۆ. ئەم دەسپێشخەریانە یارمەتى خەڵکى ناوچەکە دەدەن لە باشترکردنى ئاستی گوزەرانی و تەندروستى و خۆشگوزەرانى و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیرى و پەرەپێدانى سەرمایەی مرۆیی.".

Fly Erbil Advertisment