"فه‌یله‌قی قودس" ئه‌سه‌دی بانگهێشتی تاران كردووه
رۆحانی بیری چووه وه‌زیری ده‌ره‌وه ئاگادار بكاته‌وه"

K24 - هه‌ولێر:
جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ده‌ڵێت: "فه‌یله‌قی قودس، به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سووریای بۆ سه‌ردانی تاران بانگهێشت كردووه و ئه‌وه‌ی ده‌بوو ئاگاداری هاتنه‌كه‌ی بێت، ئاگادارمان كردۆته‌وه".
ئیسماعیل قائانی، جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس ده‌ڵێت: "كاتێك فه‌یله‌قی قودس، ئه‌سه‌دی بانگهێشتی تاران كردووه، حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئاگادار كردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌و له بیری چووه محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ئاگادار بكاته‌وه و ئه‌و پرسه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حكوومه‌ت".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌سه‌د بۆ تاران زۆر گرنگ و هه‌ستیار بووه، ده‌بوو ته‌نها ئه‌وانه بزانن، كه ده‌بوو بیزانن، ئه‌وانه‌شی پێویست نه‌بووبێت ئاگاداریان بكه‌ینه‌وه، ئاگادارمان نه‌كردنه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه "ناكۆكیی زۆر هه‌یه له‌نێوان حكوومه‌ت و فه‌یله‌قی قودسدا، به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌م حكوومه‌ته، حكوومه‌تی خۆمانه و هه‌ر شه‌رمه‌زاریێك به‌رۆكی بگرێت، به‌رۆكی ئێمه‌ش ده‌گرێت و له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی پێكه‌وه كار ده‌كه‌ین".
قائانی ده‌ڵێت: "قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران، هاوڕێی محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفه و ئێمه هاوشانی حكوومه‌تی ئێران ده‌وه‌ستین".
له هه‌مان چوارچێوه‌دا، ئاژانسی ئیسنای ئێرانی، رۆژی سێشه‌ممه 5/3/2019 رایگه‌یاند، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به هیچ شێوه‌یه‌ك له سه‌ردانه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا بۆ تاران ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه، كه هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌نجامی دا.
ئاژانسی ئیسنا له‌سه‌ر زاری به‌هرام قاسمی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌وه نوسیبووی: "بڕیاری ده‌ست له كار كێشانه‌وه‌كه‌ی زه‌ریف، وه‌ك ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕین بووه له ئاگادار نه‌كردنه‌وه‌ی به هاتنی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا بۆ تاران".
هه‌رچه‌نده محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، ده‌ست له كار كێشانه‌وه‌ی پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێرانه‌وه ره‌تكرایه‌وه و پێیوابووه قه‌بووڵكردنی ده‌ست له كار كێشانه‌وه‌ی زه‌ریف، پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه.