ئیسرائیل چاودێریی قاچاغچێتیی نه‌وتی ئێران ده‌كات
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل داوایه‌ك له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
بنیامین نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌ڵێت: "هێزی ده‌ریاوانیی ئیسرائیل بۆ رێگه‌گرتن له به قاچاغ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی ئێران، رێوشوێنی پێویست ده‌گرێته‌به‌ر و داوا له هێزه جیهانییه‌كان ده‌كات، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئێران ده‌یدات، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له سزاكانی ئه‌مه‌ریكا ده‌رباز بكات، پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه".
نه‌تانیاهۆ فه‌رمانده‌كانی هێزی ده‌ریاوانیی وڵاته‌كه‌ی ئاگادار كردۆته‌وه، كه هێشتا ئێران بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت رێوشوێنی نهێنی گرتۆته‌به‌ر، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێش رێككه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ساڵی 2015 ده‌یكرد و كاریگه‌ریی سزاكانی وڵاتانی رۆژئاوای له‌سه‌ر خۆی كه‌م كردبووه‌وه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل گوتوویه‌تی: "ئێران به رێگای قاچاغچێتیی نهێنیی نه‌وت له چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی ده‌ریاییه‌وه، ده‌یه‌وێت خۆی له كۆتوبه‌ندی گه‌مارۆكانی سه‌ر وڵاته‌كه‌ی ده‌رباز بكات، بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌ر هه‌وڵێكی له‌و شێوه‌یه‌ی ئێرانیش، هێزی ده‌ریاوانیی ئیسرائیل ده‌توانێ رۆڵێكی كارا و گاریگه‌ر بگێڕێ".
هه‌روه‌ها داوای له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش كردووه، به هه‌مان شێوه به‌ره‌نگاری هه‌وڵه‌كانی ئێران ببنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای ده‌ریاكان و هیچ رێگایه‌كی دیكه‌وه نه‌توانێ نه‌وت بنێرێته ده‌ره‌وه.