هه‌سه‌ده: 3 هه‌زار چه‌كداری داعش خۆیان به‌ده‌سته‌وه داوه
"هێشتا بیانییه‌كان شه‌ڕ ده‌كه‌ن"

K24 - هه‌ولێر:
هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی "هه‌سه‌ده" رایگه‌یاند: "له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا، 3 هه‌زار چه‌كداری داعش خۆیان راده‌ستی هێزه‌كانیان كردووه".
دره‌نگانی شه‌وی رابردوو، مسته‌فا بالی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی میدیایی هه‌سه‌ده له توێتێكدا نووسیویه‌تی: "له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا، 3 هه‌زار تیرۆریستی داعش له باغۆز خۆیان راده‌ستی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی كردووه، شه‌ڕ به‌رده‌وامه و ئێستا یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه له هه‌ر كاتێكی دیكه زیاتر، له كۆتایی نزیك بۆته‌وه".
باغۆز به دوا مۆڵگه‌ی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه ناو ده‌برێت و شه‌ڕی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌دێیه‌ی رۆژهه‌ڵاتی فورات، به هۆی بوونی خه‌ڵكی سڤیل بۆ چه‌ند جارێك دواخرا، به‌ڵام ئێستا هێزه‌كانی هه‌سه‌ده به هاوكاریی و پاڵپشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش، دوا ھێرشیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ده‌ست پێ كردووه. به‌ڵام هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی پێشبینی كردووه هێشتا چه‌ند سه‌د چه‌كدارێكی بیانی داعش له باغۆز مابنه‌وه و ده‌یانه‌وێت تا كۆتایی شه‌ڕ بكه‌ن.