قه‌ره‌ته‌پ.. گوللـه‌ هاوه‌نێكی داعش 7 كه‌سی كرده‌ قوربانی

برینی هه‌ندێكیان سه‌خته‌

K24- هه‌ولێر:

ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی قەرەتەپەی سەر بە قەزای خانەقین، بە هۆی کەوتنەخواڕەی گوللـە هاوەنێک لە ناوەندی شارەکە، پولیسێک کوژراو و 6 هاووڵاتیش بریندرابوون.

محەمەدی حاجی عومەر، بەرپرسی کۆمیتەی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ناحیەی قەرەتەپە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بە هۆی کەوتنەخوارەوەی گوللـەهاوەنێک لە ناو گەڕەکێکی ناحیەکە، پۆلیسێك گیانی لە دەست داوە و 6 کەسی دیكه‌ش برینداربوون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، له‌ناو برینداره‌كاندا سێ ئافرەت و سێ منداڵن، گوتیشی: "بە هۆی سەختیی برینه‌كانیان، دوو لە منداڵەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون".

دوای ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و کشانەوەی هێزه‌كانی پێشمەرگە لەو ناوچانە، بۆشایێکی ئەمنیی زۆر دروست بووە و چەکدارانی داعشیش بە ئاسانی دەتوانن چالاکییەکانیان تێدا ئەنجام بدەن، به‌ شێوه‌یه‌ك، كه‌ هێزە عێڕاقییەکان ناتوانن بە تەواوی کۆنتڕۆڵی دۆخی ئه‌منیی ئەو ناوچانە بکەن.

ناحیەی قەرەتەپە دەکەوێتە ڕۆژئاوای قەزای خانەقینەوە و دانیشتوانەکەشی لە کورد و عەرەب و تورکمان پێک دێن.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ دوای ئه‌وه‌ی خه‌ریكه‌ چه‌كدارانی داعش دوا پێگه‌ی جوگرافییان له‌ باغۆزی سه‌ر به‌ پارێزگای دێرزووری سووریا له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، باس له‌وه‌ ده‌كرێت چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ روویان له‌ عێراق كردووه‌ و به‌ گوێره‌ی هه‌ندێك زانیاری، ئێستا ئه‌وان خه‌ریكی داڕشتن و رێكخستنه‌وه‌ی ریزه‌كانیانن و میكانیزمی شه‌ڕیشیان له‌ شه‌ڕی به‌ره‌یی بۆ شه‌ڕی پارتیزانی گۆڕیوه‌.

H.B