"تیرۆریسته‌كه‌ی نیوزیلاند" پارێزه‌ر ره‌تده‌كاته‌وه
مه‌ترسی ئه‌وه‌یه هه‌یه سه‌كۆی دادگای بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری ره‌گه‌زپه‌رستی به‌كاربهێنێت

K24 - هه‌ولێر:
برینتن تارانت، ئه‌نجامده‌ری هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی نیوزیلاند، رێگه به پارێزه‌ران نادات له‌به‌رده‌م دادوه‌ر داكۆكی لێ بكه‌ن و بڕیاریداوه ته‌نها خۆی ئه‌و كاره بكات، له‌كاتێكدا كه خۆی "وه‌كو بێتاوانێك" ناساندووه.
تارانت له هێرشێكی تیرۆریستی‌دا بۆ سه‌ر دوو مزگه‌وتی شاری كرایست چه‌رچ له نیوزیلاند، نزیكه‌ی 50 كه‌سی كوشت و 20 كه‌سی دیكه‌شی بریندار كرد.
ریچارد پیته‌رز، كه له‌لایه‌ن دادگا وه‌كو پارێزه‌ری تارانت ده‌ستنیشانكرابوو، رایگه‌یاند، له دانیشتنی گوێگرتنی به‌رایی له دادگا، تارانت ره‌تیكردووه‌ته‌وه رێگه به پارێزه‌ر بدات له به‌رده‌م دادوه‌ر به‌رگری لێ بكات.
پیته‌رز راشیگه‌یاندووه، تارانت ده‌یه‌وێت خۆی ئه‌و كاره بكات و گومانیشی له‌و هه‌واڵانه هه‌یه كه باس له‌وه ده‌كه‌ن گوایه تارانت له رووی "عه‌قڵییه‌وه" ناتوانێت بێته به‌رده‌م دادوه‌ر.
ئه‌و پارێزه‌ره ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، له كاتی گفتوگۆدا ده‌ركه‌وتووه، تارانت له رووی عه‌قڵییه‌وه هیچ كێشه‌یه‌كی نییه و ده‌زانێت چی له ده‌وروبه‌ری رووده‌دات.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی تارانت بووه‌ته جێگه‌ی نیگه‌رانی و ترسی ئه‌وه‌یه سه‌كۆی دادگا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه ره‌گه‌زپه‌رستییه‌كه‌ی به‌كاربهێنێت كه په‌یوه‌ندی به به‌هێزی ره‌گه‌زی سپیپێسته‌كانه‌وه هه‌یه.
رۆژی 15ی ئادار/ مارسی 2019، برینتن تارانت، له هێرشێكی تیرۆریستی‌دا له دوو مزگه‌وتی شاری كرایست چه‌رچ له نیوزیلاند، 50 نوێژخوێنی كوشت و 20ی دیكه‌ش بریندار كرد.
دوای رووداوه‌كه، جاسیندا ئاردێر، سه‌رۆكوه‌زیرانی نیوزیلاند رووداوه‌كه‌ی به تیرۆریستی وه‌سف كرد.
سه‌رچاوه: The Week
ئ. م