ئێران به‌ نیازی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی زێی بچووكه‌ و ئیداره‌ی راپه‌ڕینیش هۆشداری ده‌دات

داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات خۆیان له‌ كه‌ناری زێی بچووك به‌دوور بگرن

K24- راپه‌ڕین:

ئێران بە نیازە ئاوی زێی بچووک بەربداتەوە ، ئیدارەی ڕاپەڕینیش هاووڵاتییان لە مەترسییەکان ئاگادار دەکاتەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئیدارەی ڕاپەڕین ئاماژە بەوە دەدات، ئێران بە نیازە ئاوی زێی بچووك لە بەنداوی کۆڵەسە بەربداتەوە، بۆیە هۆشداری ده‌داته‌ دانیشتوانی ئەو گوندانەی سنووری پشدەر، کە لە ڕێڕەوی ئاوی زێی بچووك نزیكن، ئاگاداری خۆیان بن.

لە راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئیدارەی ڕاپەڕیندا ئاماژە بەوە دراوە، "زانیارییان پێ گەیشتووە، بە هۆی پڕبوونی بەنداوەکانی ئێران، کۆماری ئیسلامی بە نیازە ڕێژەیەکی زۆر ئاو لە بەنداوی کۆڵەسە بەرەو زێی بچووك بەربداتەوە".

ئیداره‌ی راپه‌ڕین داواش لە دانیشتوانی ئەو گوندانە دەکات، کە لە ڕێڕەوی ئاوی زێی بچووك نزیكن، له‌ كه‌ناری زێیەکە نزیك نه‌بنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی لە ڕووداوی نەخوازراو به‌دوور بن.

لە ۱ی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووکی لە بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشت بەڕووی باشووری کوردستاندا گرتووه‌تەوە.

ئەمساڵ کە بڕێکی زۆری باران لە سنوورەکە باریوە، بەنداوی دوکان، کە دەکەوێتە سەر زێی بچووك، لە پڕبوون نزیك بووه‌تەوە، بەردانەوەی ئاوی ئه‌و زێیه‌ش له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌، پڕبوونی بەنداوه‌كه‌ خێراتر ده‌كات.

H.B