تره‌مپ ره‌شنووسی ددانپێدانان به سه‌روه‌ریی ئیسرائیل له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانی جۆلان واژۆ كرد
پێنووسی واژۆكردنه‌كه‌شی پێشكه‌ش به ناتانیاهۆ كرد
K24- هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له كۆشكی سپی واژۆی له سه‌ر ره‌شنووسێك كرد، كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بریتییه له ددانپێدانانی ئه‌مه‌ریكا به سه‌روه‌ریی ئیسرائیل له سه‌ر به‌رزاییه‌كانی جۆلان.
به ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ر له واژۆكردنی ئه‌و ره‌شنووسه، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، تره‌مپ رایگه‌یاند "ئه‌و كاره مێژووییه له پێناو پشتیوانیكردنی توانا به‌رگرییه‌كانی ئیسرائیل ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشه‌كه‌ی پارێزراو بێت. ئیسرائیل له ساڵی 1967 به‌رزاییه‌كانی جۆلانی بۆ ئه‌وه كۆنتڕۆڵ كرد، تاوه‌كو خۆی له هه‌ره‌شه‌كانی به‌رامبه‌ر بپارێزێت".
تره‌مپ گوتی: "ئه‌مڕۆ ده‌بێت ئیسرائیل به‌رامبه‌ر ئێران و هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییه‌كان له سووریا به‌رگری له خۆی بكات، له‌وانه‌ش هه‌ڕه‌شه‌كانی حیزبوڵڵا، كه پێشبینی ده‌كرێت هێرشی سه‌ر ئیسرائیل بكات".
تره‌مپ گوتی، "هه‌ر رێككه‌وتنێك له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكرێت، پێویسته مافی به‌رگریكردن له‌خۆ به ئیسرائیل بدات".
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنیشی دا، "هه‌تا هه‌تایه ئه‌مه‌ریكا پشتیوانیی ئیسرائیل ده‌كات".
دوای واژۆكردنی ئه‌و ره‌شنووسه‌ش، تره‌مپ ئه‌و پێنووسه‌ی بۆ یادگاری پێشكه‌ش به ناتانیاهۆ كرد، كه ره‌شنووسه‌كه‌ی پێ واژۆ كرد.
له 22ی ئه‌م مانگه، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند "ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه ددان به سه‌روه‌ریی ئیسرائیل به سه‌ر به‌رزاییه‌كانی جۆلاندا بنێین"
H.B