وڵاتانی عەرەبی دژی بڕیارێکی ترەمپ کۆدەبنەوە
هەڵوێستی خۆیان لە بارەی بڕیارەکە ئاشکرا دەکەن
K24 – ههولێر:
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 31/03/2019 سەرکردەی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە تونس کۆببنەوە و دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی بەرزاییەکانی جۆلان دەرببڕن.
رۆژی دوو شەممە رابردوو 25/03/2019، دۆناڵد ترەمپ بە ئامادەبوونی بێنیامن نەتەنیاهوی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رەشنووسێکی واژۆ کرد کە تیایدا بەرزایەکانی جۆلانی کە ناوچەیەکی کێشە لەسەری نێوان ئیسرائیل و سووریایە، وەک بە شێک لە خاکی ئیسرائیل ناساند.
بەگوێرەی هەواڵێکی Fox News، رەنگە وڵاتانی کەنداوی وەک ئیمارات و سعوودییە، خۆیان دوور بگرن لە سەرکۆنە کردنی ئەمەریکا چونکە لە ئێستادا ئەو وڵاتانە پێویستی زۆریان بە ئەمەریکایە تاکو ئێرانی نەیاریان بەهێزتر نەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکانی جەزائیر و سوودان بەهۆی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەیان بەشداریی ناکەن، ئەگەریش هەیە چەند وڵاتێکی دیکەش بەهۆی جەنگی یەمەن و سووریا و گەمارۆکانی سەر قەتەر بایکۆتی دیدارەکە بکەن.
بیانووی ترەمپ بۆ بڕیارەکەی ئەوەبوو، بەرزایەکانی جۆلان گرنگی زۆری بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بە تایبەت ئەوەی، ئێران لە بەرفراونکردنی رۆڵی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە.
لە ساڵی 1967 سووریا بەرزاییەکانی جۆلانی بە کارهێنا بۆ بۆردومانکردنی باکووری ئیسرائیل، دواتر سوپای ئیسرائیل هێرشی کرد و لە جەنگێکی شەش رۆژیدا جۆلانی کۆنتڕۆڵکرد، تاکو ئێستاش نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرزاییەکانی جۆلان بە بەشێک لە خاکی ئیسرائیل نازانێت.
H.J