مووسڵ بۆنی مردووی لێ نیشتووە
ھێشتا تەرمی ژمارەیەك لەو كەسانە نەدۆزراوەتەوە كە لە ناو بەلەمەكەدا بوون
K24 - مووسڵ
خەڵکی مووسڵ گلەییان لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان هەیە لە پێناو سزادانی کەسانی کەمتەرخەم لە رووداوی وەرگەڕانی بەلەمە گەشتیارییەکەدا، هاوکات بەرپرسانی پاریزگاکەش دڵنیایی دەدەن لەوەی هەر کەسێک هۆکاربووبێ سزا دەدرێت.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی مووسڵ دەڵێ "ئەوانەی دەستگیر کراون کرێکارن"، قایمقامی موسڵیش جەخت دەکاتەوە، کە هەر کەسێک لە کاتی رووداوەکە ئامادەبووبێ دەستگیرکراوە.
مووسڵ بۆنی مردووی لێ نیشتووە و خەڵکی شارەکەش هێشتا هەر چاوەڕێی هاتنەوەی تەرمی ئازیزانیانن، لەگەڵ گەڕانەوەی هەر تەرمێکیش دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێ و شەڕ لەنێوان ھاووڵاتی و ھێزە ئەمنییەكان دروست دەبێت، خەڵکی مووسڵ داواکاری یەکەم و کۆتاییان بووەتە سزادانی ئەوانەی، کە لە ئەنجامی کەمتەرخەمی ئەوان رووداوی نوقمبوونی بەلەمەكەی لێکەوتەوە، گلەییشیان لە شێوازی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان هەیە.
ھاووڵاتییەكی دانیشتووی مووسڵ بە كوردستان24 گوت: "ئەو لێکۆڵینەوەیەی ئێستا دەكرێت، جێی رازیبوونی ئێمە نییە، ئەوان چوون کرێکاری لەفە فرۆش و کرێکاری خاوەن داهاتی کەمیان دەستگیرکردووە، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون هیچیان بەدەست نەبووە و بێ دەسەڵاتن، ئێمە دەمانەوێ لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسانی دەستڕۆیشتوو بکرێت".
لەبارەی لێكۆڵینەوە و سزادانی تاوانباران لە رووداوەكەی مووسڵ. زوهەیر ئەعرەجی، قایمقامی ناوەندی مووسڵ بە كوردستان24 راگەیاند: "دوای رووداوەکە بە 10 خولەک لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیس هاتینە شوێنی رووداوەکە، تەنها ئەوان لەوێبوون، ئەوانەی دەڵێن کەسانی دەستگیرکراو تەنها کرێکارن راست نییە، ئێمە کەسانی تەکنیککارمان دەستگیرکردووە بۆ نموونە ئەو کەسانەی بەرپرس بوون لە کارکردنی شوێنی رووداوەکە، چونکە بەر لە چەند کاتژمێرێک پێمان گوتبوون ئەو شوێنە مەکەنەوە، چونکە ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە".
لە 21/3/2019 بەھۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی گەشتیاری لە مووسڵ، زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستدا تائێستاش تەرمی ژمارەیەك لەو كەسانە نەدۆزراوەتەوە كە سەرنشینی بەلەمەكە بوون. بە گوتەی بەرپرسانی عێراقیش لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە.
ھ.م