72 ساڵ به‌سه‌ر له‌ سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د تێپه‌ڕ ده‌بێ

دوای 11 مانگ به‌ گه‌له‌كۆمه‌ی زلهێزه‌كان كۆماری كوردستان رووخێنرا

K24 - هه‌ولێر:

ئەمرۆ 72 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان لە مەھاباد تێپەر دەبێت، دوای یازدە مانگ لە تەمەنی كۆماری كوردستان بە گەلەكۆمه‌ی زلھێزەكان ئەرتەشی ئێران ھێرشی بۆ سەر مەھاباد كرد و كۆمارەكە رووخێنرا، پێشەوا قازی محەمەدیش دوای ماوەیەكی كورت لە مەیدانی چوارچرای مەھاباد لەسێدارە درا.

30 ئاداری 1947 واتە دەی خاكەلێوه‌، ھەواڵێك رۆژھەڵاتی كوردستان و بەتایبەت مەھابادی تاساند، ئەو كەسەی كۆماری كوردستانی دامەزراندبوو لەسێدارەدرا، پێشەوا قازی محەمەد سەرۆككۆمار، عەبوڵقاسم سەدری قازی بڕای پێشەوا، سەیفی قازی ئامۆزای بەھۆی راگەیاندنی كۆمار لەسێدارە دران. جەلیل گادانی ئەو پیاوەی ئەو دەم تازە پێگەیشتوویەك بوو، دەڵێ بەڵێنی دیكە بە قازی درابوو.

جەلیل گادانی  تێكۆشەری دێرینی رۆژھەڵاتی كوردستان ده‌ڵێت: "قازی محەمەد ئەزموونی حكومەتەكەی ئازەربایجانی دیتبوو، كە پیشەوەری سەرۆكی ئازەربایجان كە تەورێزی جێھێشت، حكومەت قەتڵوعامێكی زۆری كرد، بەڵام قەوام سەڵتەنە بەڵێنی دابوو كە نەك كوشتار نەكات، بەڵكو بەشەكانی دیكەی كوردستانیش بخاتە سەریەك و ئیدارەیەكی كوردی دروستبكات، بەڵام لە بێدەنگی ھێزی سۆڤییەت ھێز رەوانەی كوردستان كرا، بەریتانیا، سۆڤییەت و ئەمریكای زلھێزە نوێكەش رێكەوتن و كۆمار رووخا و پێشەواكەشی لەسێدارە درا.

حەسەن شەرەفی  جێگری لێپسراوی گشتی حدكا له‌وباره‌یوه‌ ده‌ڵێت: "كۆماری كوردستان دەسپێكێكی دیكە و ھەوڵدان بوو بۆ ئاوەتە گەورەكەی كوردستانییەكان، یارمەتی پارچەكانی دیكەو بەتایبەت بارزانییەكانی لەگەڵ بوو، خواستی خەڵكەكەش لەو پەری خۆیدا بوو، بەڵام ئەوكاتیش وەكو ئێستا كەمینەیەكی ناپاكی نێوخۆیی و گەلەكۆمه‌ی دەرەكی ھەرەسیان بە كۆمار ھێنا و پێشەواكەشیان لەسێدارەدا.

ئاماده‌كردن: ژیوار ره‌سووڵی

Fly Erbil Advertisment