توركیا و ئه‌مه‌ریكا به لێدوانی دژ به یه‌ك یادی 70 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ناتۆیان كرده‌وه
پۆمپیۆ: توركیا ده‌زانێت هه‌ڵوێستمان چییه
K24 – واشنتن:
دوای به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه تێیدا هه‌ڕه‌شه له توركیا ده‌كات و ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر توركیا تاكلایه‌نه هه‌ر رێوشوێنێكی سه‌ربازی دژی ناوچه‌كانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بگرێته‌به‌ر، ئه‌وا كاردانه‌وه‌ی وێرانكه‌ری ده‌بێ له دژی توركیا، چاودێرانی سیاسی واشنتۆن ترسی ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتیان هه‌یه.
چاودێرانی سیاسی له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بوون یادكردنه‌وه‌ی حه‌فتایه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) له واشنتۆن و كۆبوونه‌وه و دیداره‌كانی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی 29 وڵاتی ئه‌ندام ده‌روازه‌یه‌كی ئومێدبه‌خش بێ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی گرژیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا وتوركیا، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه، گوتار ولێدوانهكانی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات له‌م دوو رۆژه‌ی رابردوودا، زبرتر له جاران ده‌ركه‌وتن و ته‌نانه‌ت گه‌یشته ئاستی هه‌ڕه‌شه‌ی توند.
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێن: توركیا له ژێر سێبه‌ری رووسیادا ململانێ له‌گه‌ڵ ئێمه و وڵاتانی دیكه‌ی ناتۆ ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ریشدا توركه‌كان ده‌ڵێن ئێمه رازی نین ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانیمان ئامۆژگاریمان بكات.
له‌م نێوانه‌دا پرسیاره‌كه ئه‌مه‌یه (ئایا ئه‌م په‌یامانه‌ی هه‌ردوولا ده‌گه‌نه ئاستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازیی له‌نێوانیاندا؟ دواتر ئه‌گه‌ر توركیا به‌شێوه‌یه‌كی كرداری ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی ئه‌نجام بدات له ناوچه‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریادا) وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكا چی ده‌بێت؟
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، مایك پۆمپیۆ دوێنێ له دوا كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی تایبه‌ت به ساڵیادی ناتۆ، له‌وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووساندا له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌م دواییه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ توركیا، جارێكی دیكه‌ش جه‌ختی كرده‌وه و و گوتی هه‌ڵوێستی ئێمه دیاره و توركیاش لێی ئاگاداره.