ئاگادارییه‌ك له قائیمقامیه‌تی شارۆچكه‌ی دوكانه‌وه
بۆ هاووڵاتیان و ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی ده‌چنه سنووره‌كه

K24 - دوكان:
قائيمقامیه‌تی شارۆچكه‌ی دوكان، ئاگاداری ئه‌و گه‌شتیارانه ده‌كاته‌وه كه رووده‌كه‌نه سنووره‌كه و رایده‌گه‌یه‌نێت، له كاتژمێر 8ی سبه‌ی شه‌ممه، 6ی نیسانه‌وه، ئاوی به‌نداوی دوكان، زیاتر به‌رده‌درێته‌وه و ئاستی ئاویش به‌رزتر ده‌بێته‌وه.
له ئاگادارینامه‌كه‌ی قائیمقامیه‌تی دوكاندا هاتووه: "سبەی رۆژی شەممە 6/4/2019 كاژمێر 8ی بەیانی بەنداوی دوكان ئاوێكی زۆرتر بەردەداتەوە و بەم هۆیەشەوە ئاستی ئاوی زێیەكە بە بەراورد بە ئەمڕۆ و رۆژانی رابردوو زیاتر بەرزدەبێتەوە".
له‌و ئاگادارینامه‌یه، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، ئاماژه به‌وه دراوه، هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و هەماهەنگی تەواو كراوە و ئاگاداركراونەتەوە بۆ "بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان و هەر حاڵەتێكی نەخوازراو".
هاوكات دڵنیایی له به‌نداوی دوكانیش دراوه و تێیدا هاتووه: "بەنداوی دوكان هیچ كێشەیەكی هونەری و تەكنیكی نیيە تەنها بۆ راگرتنی پارسەنگی دەریاچەكە ناچارە ئاوی زیاتر بەرداتەوە".
له كۆتایی ئاگادارینامه‌كه‌دا، جه‌خت له خۆپاراستنی هاووڵاتیان و گه‌شتیاران ده‌كاته‌وه و داوا ده‌كات، خۆیان بپارێزن و لە رۆخی زێیەكە نزیك نەكەونەوە، تاكو هیچ مەترسیيەك رووبەڕوويان نەبێتەوە و سەلامەت بن.
ئ. م