سه‌رۆك بارزانی و شا عه‌بدوڵڵای ئوردن جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگیی دوولایه‌نه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌

شای ئوردن له‌ كۆشكی حوسێنییه‌ پێشوازیی له‌ سه‌رۆك بارزانی

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ یەكشەممە 7ـی 4ـی 2019،  شا عەبدوڵڵای پاشای شانشینی ئوردن لە كۆشكی ئەلحوسێنییە، لەگه‌ڵ سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری كۆ بووه‌وه‌.

لەو دیدارەدا شا عەبدوڵڵا خۆشحاڵیی خۆی بە پێشڤەچوون و باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و ڕایگەیاند، باشبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی هەموو لایەك دایە.

هەر لەو دانیشتنەدا جەخت لە پەیوەندییە مێژووییەكانی هەردوولا و بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە كرایەوە و ڕۆشناییش خرایە سەر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردون، جه‌ختیش لە هەماهەنگی و هاوكاریی بەردەوام كرایەوە، لەپێناو شەڕی تیرۆر، توندڕۆیی و ڕیشەكێشكردنی تیرۆریستان.

سه‌رۆك بارزانی، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی باڵا له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمیی شا عه‌بدوڵڵا بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری له‌و وڵاته‌یه.

كۆڕبه‌ندی ئابووریی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقیا، ماوه‌ی دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت و ئه‌مڕۆ كۆتایی دێت و هه‌رێمی كوردستان به‌ شاندێكی باڵا، كه‌ له‌ وه‌زیرانی دارایی، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پلاندان پێك هاتبوو، به‌شدارییان تیایدا كرد.

ئ. م