كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی دواخرا

ناكۆكی له‌سه‌ر ژماره‌ی جێگرانی سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

بڕیار بوو كاتژمێر2ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، په‌رله‌مانی كوردستان، خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بكات و په‌سه‌ندی بكات، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، هۆكاری دواخستنه‌كه‌ی، ناكۆكیی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، به‌و پێیه‌ی یه‌كێتی داوا ده‌كات سه‌رۆكی هه‌رێم دوو جێگری هه‌بێت، گۆڕانیش پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات، سه‌رۆكی هه‌رێم یه‌ك جێگری هه‌بێت.

به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و گۆڕانیش، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ر گۆڕان ده‌كه‌وێت، به‌ڵام یه‌كێتی داوا ده‌كات سه‌رۆكی هه‌رێم دوو جێگری هه‌بێت و یه‌كێكیان بۆ ئه‌و بێت.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لێژنه‌ی یاسایی، داوایان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كردووه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ 3 رۆژ دوا بخرێت، به‌ڵام ئێستا كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ كاتێكی نادیار دوا خراوه‌.

ئ. م