نه‌وره‌سه‌كانی دوكان بێ نیشتمان ده‌بن

به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو نه‌وره‌سه‌كانی بێلانه‌ كردووه‌

K24 - دوكان:

بەھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان، شوێنی نەورەسەکانی دەشتی بیتوێن و دەربەندی رانیە ژێر ئاو کەوتووە و دەیان ھەزار باڵندەی نەورەس کەساڵانی رابردوو دوورگەیەکی ناوەڕاستی دەریاچەکەیان کردبوو بە نیشتمانی خۆیان، پەڕاگەندە و بێلانە ماونەتەوە.

پۆلیسی دارستان و ژینگە داوای پاراستنی ژیانی باڵندەی نەوڕەسەکان دەکات و دەڵێت: "گرنگە ھاووڵاتیان زیانیان پێ نەگەیەنن، بەپێچەوانەوە سزای یاسایی بەرامبەریان دەگرنەبەر".

باڵندەی نەوڕەس باڵندەیەکی ھەستیارە و پێویستی بە دڵنیایی  سەلامەتی ھێلکە و بێچووەکانی ھەیە، بۆیە ئەو ناوچانە دەکات بە نیشتمان و شوێنی مانەوە و زۆربوون کە دوورن لە دەستی مرۆڤ و گیانەوەرانی دیكە.

ساڵانی رابردوو کاتێک بە بەلەم لە گردی باسموسیان و دووگردکان لە ناوەڕاستی دەریاچەی دوکان نزیک دەبوویتەوە، دەنگ و ئاوازی ھەزاران باڵندەی نەوڕەس سەرنجیان رادەکێشای، ئێستا ئاوی دەریاچەکە نیشتمانی ئەو باڵندانەی داپۆشیوە.

پەرتەوازەبوونی نەورەسەکان مەترسی بۆ سەر ژیان و مانەوەیان دروستکردووە، حکوومەت ھەوڵی مانەوە و رەوینەوەی ئەو مەترسیانە لەسەر ژیانی نەوڕەسەکان دەدات، پۆلیسی دارستان و ژینگەش به‌ پێویستی ده‌زانێت ھاووڵاتیان بیانپارێزن، بەپێچەوانەوە سزای ئەو کەسانەی زیان بە شوێن و باڵندەی نەوڕەس و بێچووەکانیان دەگەیەنن ھەمان ئەو سزایەیە کە کەسێك بەباڵندە یان ئاژەڵێکی کێوی دیکەی دەگەیەنێت.

باڵندەی نەورەس چەند جۆرێکن لەڕەنگ و قەبارەدا، لەدەربەندی رانیە زیاتر نەورەسی سەر رەش و سپی دەبینرێ، ئەو باڵندەیە لەنێوان مانگی5 بۆ 6 ھێلکە دادەنێ و زۆرینەی جار دووتا سێ بێچوو ھەڵدێنێ.

لە ماوەی ترووکاندنی ھێلکەکانی، پێویستە ھێلکەی نەورەس پلەیەکی گەرمی گونجاوی ھەبێت، بۆیە نێرە و مێیەی ئەو باڵندەیە بە نۆرە لەسەر ھێلکەکان کڕ دەکەون.

نزیکبوونەوەی مرۆڤ و ئاژەڵانی دیکە لەھێلکە و شوێنی کڕکەوتنی ئەو باڵندەیە، زیان لە زۆربوون و مانەوەی باڵندەی نەوڕەس دەدات.

ئ. م

Fly Erbil Advertisment