نارنجۆكێك هه‌ڵده‌درێته ناو كۆمیته‌ی یه‌كێتی له قه‌ره‌ته‌په
له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه چۆڵ كرابوو دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی بۆ كردنه‌وه‌ی باره‌گاكه، ئه‌مڕۆ پاكیان كردووه‌ته‌وه
K24 - گه‌رمیان:
دواى ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ره‌زامه‌ندی حكوومه‌تی عێراق و لایه‌نه ئه‌منییه‌كانی پارێزگای دیاله‌ی وه‌رگرت بۆ كردنه‌وه‌ی كۆمیته‌كه‌یان له قه‌ره‌ته‌په، ده‌ستیان به پاككردنه‌وه‌ی باره‌گاكه كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ نارنجۆكێك هه‌ڵدرایه ناو باره‌گاكه.
په‌یامنێری كوردستان 24 له گه‌رمیان رایگه‌یاند، باره‌گای كۆمیته‌ی یه‌كێتی له ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی قه‌زای خانه‌قین له پارێزگای دیاله، دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 چۆڵ‌كرابوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌ستكراوه به پاككردنه‌وه‌ی شوێنه‌كه.
ئاشكراشی كرد، دوای پاككردنه‌وه‌ی باره‌گاكه، نارنجۆكێك هه‌ڵدراوه‌ته ناو باره‌گاكه و تا ئێستاش نازانرێت ئه‌نجامده‌رانی كێن.
برایم عه‌لی، به‌رپرسی كۆمیته‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی یه‌كێتی، به په‌یامنێری كوردستان 24ی راگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی بۆ كردنه‌وه‌ی باره‌گاكه‌ی كۆمیته‌كه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 18ی نیسان/ ئه‌پریلی 2019، نارنجۆكێك هه‌ڵدراوه‌ته ناو باره‌گاكه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، هیچ زیانێكی گیانی له رووداوه‌كه‌دا نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه و هێزه ئه‌منییه‌كانیش ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه كردووه.
ئ. م