سه‌رۆك بارزانی: كوردستان نموونەیەكی دیاری پێكەوەژیانی پێكهاتە و ئایین و نەتەوە جیاوازەكانە

"جێگای شانازییە لە وڵاتەكەمان فەرهەنگی پێكەوەژیان مێژووییەكی دێرینی هەیە"

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح له‌ مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان ده‌كات و له‌ په‌یامێكدا رایده‌گه‌یینێت: "بۆنە و جەژنی پێكهاتەكانی كوردستان دەرفەتی باشن بۆ دووپاتكردنەوەی برایەتی و ئاشتی و پێكەوەژیان و جێگەی شانازییە لە وڵاتەكەمان فەرهەنگی پێكەوەژیان مێژووییەكی دێرینی هەیە. لەسایەی ئەو كولتوورە باڵایەی خەڵكی كوردستانە وڵاتەكەمان لە ئاستی هەرێمایەتی و جیهانیدا نموونەیەكی دیاری پێكەوەژیانی پێكهاتە و ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانە".

هه‌روه‌ها له‌ په‌یامه‌كه‌دا كه‌ له‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی تایبه‌تی خۆی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ "لەم بۆنە پیرۆزەدا هیوای بەختەوەری و شادی بۆ خوشك و برا مەسیحییەكانم دەخوازم و هیوادارم ئەو بۆنەیە دەستپێكێك بێت بۆ نەمانی توندڕۆیی و زوڵم و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەمان و جیهاندا بكێشێت".

 ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی هەموو خوشك و برا مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان دەكەم. هیوادارم هەموو جەژنەكانیان لە خۆشی و شادی و كامەرانیدا بگێڕن.

بۆنە و جەژنی پێكهاتەكانی كوردستان دەرفەتی باشن بۆ دووپاتكردنەوەی برایەتی و ئاشتی و پێكەوەژیان و جێگەی شانازییە لە وڵاتەكەمان فەرهەنگی پێكەوەژیان مێژووییەكی دێرینی هەیە و لە سایەی ئەو كولتوورە باڵایەی خەڵكی كوردستانە كە، وڵاتەكەمان لە ئاستی هەرێمایەتی و جیهانیدا نموونەیەكی دیاری پێكەوەژیانی پێكهاتە و ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانە.

لەم بۆنە پیرۆزەدا هیوای بەختەوەری و شادی بۆ خوشك و برا مەسیحییەكانم دەخوازم و هیوادارم ئەو بۆنەیە دەستپێكێك بێت بۆ نەمانی توندڕۆیی و زوڵم و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەمان و جیهاندا بكێشێت.

بمێنن بە خێر و خۆشی

 مسعود بارزانی

20/4/2019