مانگی سووری سنە به‌ دوای ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌گه‌ڕێت

داوا ده‌كات كه‌سوكاری منداڵه‌ ونبووه‌كان زانیارییان پێ بده‌ن

K24 - هه‌ولێر:

مانگی سووری سنە لە رێگەی کوردستان 24، داواكارییه‌ك بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بڵاودەکاتەوە.

محەممەد باقر نەوبەخت، بەرێوەبەری گشتیی مانگی سووری سنە لە رێگەی کوردستان 24ـەوە بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە داوایەك ئاراستەی خێزانەکانیان دەکات و دەڵێت: "دەتوانن بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی منداڵە ونبوەکانتان، پەیوەندی بە مانگی سووری سنەوە بکەن".

نەوبەخت ده‌شڵێت: "لەکاتی کیمیابارانەکەی هه‌ڵه‌بجه‌دا، رێژەیەکی زۆر لە بریندارەکانیان هێنایه‌ خەستەخانەکانی ئێران، بەداخەوە ئەو هەلومەرجی تایبەتە بوو بە هۆی ئەوەی بەشێك لە خێزانەکان منداڵەکانیان ون بن و تا ئێستا ئاگایان لە چارەنووسیان نەبێت. بەپێی ئەو پەیوەندییانەی کە لەگەڵ شارە کوردییەکانی عێراقدا هەمانە، دەتوانن زانیاریی پێویست لە بارەی منداڵە ونبووەکانیان بدەنە مانگی سووری شارەکانی سنە، سەقز، بانە و مەریوان، تا ئێمەش بتوانین لە رێگەی گرووپە پسپۆرەکانی خۆمانەوە  ئەو منداڵانەیو کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە و لە ئێران ماون، بیاندۆزینەوە و بیانگەڕێنینەوە بۆ ئامێزی گەرمی بنەماڵەکانیان".

دوای كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عس له‌ 16ی ئادار/ مارسی 1988، وێڕای شه‌هیدبوونی زیاتر له‌ 5 هه‌زار هاووڵاتیی بێتاوان، ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری منداڵیش بێسه‌روشوێن بوون و تا ئێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

ئ. م

Fly Erbil Advertisment