سه‌در حكوومه‌تی نوێی عێراق به‌ گه‌نده‌ڵ ناوده‌بات

"هه‌ندێك كه‌س به‌یانیان دژی حكوومه‌تن و شه‌وان داوای پۆست له‌ گه‌نده‌ڵكاران ده‌كه‌ن"

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی هاوپەیمانێتی سائیروون موقته‌دا سه‌در لە توویتێکدا، هێرشدەکاتە سەر حکومەتی ئێستا و بە گەندەڵ ناوی دەبات، هەروەها جەختیشدەکاتەوە، ئەو مۆڵەتەی بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت درابوو کۆتاییهاتووە، بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، گوتەکانی سەدر ئاماژەیەکە بۆ بێ ئومێدبوونی لە هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە.

هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق بە رێککەوتن لەنێوان هاوپەیمانێتی سائیروون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری پۆستی سەرۆکوەزیرانی پێدراوە، بەڵام سەدر لە توویتێکدا، حکومەتی ئێستای ئەو وڵاتە بە گەندەڵ ناودەبات و جەختیشدەکاتەوە، هەندێک کەس و لایەن لەڕێگەی گەندەڵکاران کار بۆ وەرگرتنی پۆست لە حکومەتدا دەکەن.

تویته‌كه‌ی سەدر لەبارەی حکومەت و بە گەندەڵ پێناسەکردنی، گومان دەخاتە سەر بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکانی بۆ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، چونکە لەدوای پێکهێنانی حکومەت، ئەوە یەکەمینجارە سەدر هێرشبکاتە سەر حکومەتی ئێستا و بە ئاشکرا بە گەندەڵی تۆمەتباری بکات.

لە تویتەکەدا، سەدر ئاماژە بە دیاردەیەک دەکات، کە هەندێک کەس و لایەن بەیانیان دژی حکومەتن و شەوانیش داوای پۆست لە گەندەڵکاران دەکەن. بەبێ ئەوەی مەبەستی قسه‌كانی روونبکاتەوە.

زیاتر لە شەش مانگە حکومەت پێکهێندراوە و تاوەکو ئێستاش 4 لە وەزارەتەکان بەهۆی ململانێی نێوان لایەنەکان نەتواندراوە متمانەیان پێبدرێت، سەرۆکی هاوپەیمانێتی سائیروون لەبارەی دواکەوتنی متمانەدان بە بەشێک لە وەزارەکانی کابینەی حکومەت رایگەیاندووە، ئەو مۆڵەتە کۆتاییهات، کە ماوەی 6 مانگە بە حکومەت دراوە. دەشپرسێت، لایەنەکان تاوەکو کەی لەسەر دژایەتیکردنی یەکدی و ململانێکان بەردەوامدەبن، هەروەها داوا لەلایەنەکان دەکات، دەستبەرداری پشکپشکێنەی سیاسی و مەزهەبی ببن.