هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستیپێكرد
مه‌ترسییه‌كانی تیرۆری سپی ده‌خرێنه‌ڕوو
K24- هه‌ولێر:
بازرگانیكردن به مادده هۆشبه‌ركان له ئاستی جیهاندا له‌دوای نه‌وت و چه‌ك به پله‌ی سێیه‌م دێت، له‌هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ڵمه‌تێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستی پێ كردووه و هه‌وڵده‌درێت له رێگه‌ی ناوه‌نده زانستی و پهروهردهییهكانهوه، هاوڵاتیان له مه‌ترسییه ترسناكه‌كانی ئه‌و ماددانه هۆشیار بكرێنه‌وه. توێژه‌ران و شاره‌زایانیش هۆكاره‌كانی ته‌شه‌نه‌كردنی مادده هۆشبه‌ره‌كان و رێگاكانی چاره‌سه‌ری له رێگه‌ی كوردستان24 ـەوە ده‌خه‌نه ڕوو.
سورێن ئه‌كره‌م، توێژه‌ر له بواری مادده هۆشبه‌ره‌كان ده‌ڵێت: بۆ رێگریكردن له زیاتر ته‌شه‌نه‌كردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر، پێویسته نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به ئاڵووده‌بووانی ئه‌و ماددانه ته‌رخان بكرێت، كه خۆیان وه‌ك نه‌خۆش سه‌ردانی بكه‌ن و چاره‌سه‌ر بكرێن.
هه‌روه‌ها گوتی: خاڵێكی دیكه ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت به‌رده‌وام گرنگی به هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئاشناكردنی تاكه‌كان به مه‌ترسییه‌كانی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌و ماددانه بدرێت. دووپاتیشیكرده‌وه، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه، پێویسته ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، توێژه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، مامۆستایانی ئاینی و وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی رۆڵێكی كارا له‌و باره‌یه‌وه ببینن و یاسایێكی زۆر توند بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دابڕێژرێت.
سه‌باره‌ت به‌و یاسایه‌ی له عێراق بۆ مه‌به‌ستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان كاری پێده‌كرێت، به‌شدار مه‌جید, داواكارى گشتی فه‌رمانگه‌ی چاكسازی گه‌وران ده‌ڵێت: ئه‌و یاسایه له ساڵی 1965ـه‌وه ده‌ركراوه، كه له یه‌كێك له بڕگه‌كانی ئه‌و یاسایه باسی ئه‌وه ده‌كات، "كه‌سی ئاڵووده‌بوو به مادده‌ی هۆشبه‌ر له بری ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی زیندان بكرێت، ده‌كرێت ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پزیشكی بۆ بكرێت", به‌ڵام وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێدا، ماوه‌ی 51 ساڵه هێشتا ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه درووست نه‌كراوه و هیچ هه‌نگاوێك به‌و ئاراسته‌یه نه‌نراوه.
له‌كاتێكدا دوای بازرگانیكردن به نه‌وت و چه‌كه‌وه، بازرگانیكردن به مادده هۆشبه‌ره‌كان له رێزبه‌ندی جیهانیدا پله‌ی سێیه‌می به‌رده‌كه‌وێت، مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و ماددانه‌ش له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه وایكردووه، له ئاستی جیهان به تیرۆری سپی وه‌سف بكرێت و قورسترین سزا بۆ به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌و ماددانه‌وه دیاریكراوه.
H.B