سه‌رۆك بارزانی و شاندێكی هوداپار ره‌وشی سیاسی باكووری كوردستانیان تاووتوێ كرد

جەخت لە خەباتی سیاسی و ئاشتیانەی گەلی كورد بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی كرایەوە

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و شاندێكی باڵای هوداپار، به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئیسحاق ساغلام، سه‌رۆكی گشتی هوداپار، ره‌وشی سیاسی باكووری كوردستانییان تاوتووێ كرد.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی، رۆژی سێشەممە 30ـی 4ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای هوداپار بە سەرۆكایەتیی ئیسحاق ساغلام سەرۆكی گشتیی هوداپار و جێگر و ژمارەیەك لە ئەندامانی شورای ناوەندیی ئەو حزبە كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و پێزانینیان بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی هەبوو لە بەرگریكردن و هەوڵدانی بۆ مافەكانی گەلی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی توركیا و بار و گوزەرانی گەلی كورد لەو وڵاتە و هەروەها دوا پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و جیهان تاوتوێ كرا و شاندی میوان كورتەیەكیان لە كار و چالاكی و ئامانجە سیاسییەكانی حزبەكەیان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جەخت لە خەباتی سیاسی و ئاشتیانەی گەلی كورد بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی كرایەوە و هەردوولایش لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیان هاوڕا بوون.

Fly Erbil Advertisment