ناسان تیك: ئێران مووشه‌كه بالیستییه‌كانی ده‌گوێزێته‌وه بۆ لایه‌نه پیسه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵداته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
گوته‌بێژی فه‌رمیی هه‌رێمایه‌تی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: "سزا ئابوورییه‌كانی سه‌ر رژێمی ئێران، یه‌كێكه له به‌هێزترین سزاكانی مێژوو و توندتریش ده‌بێت، تا ئه‌و كاته‌ی رژێمی ئێران سیاسه‌ته‌كانی خۆی ده‌گۆڕێت، كه ده‌بنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی".
ناسان تیك، گوته‌بێژی فه‌رمیی هه‌رێمایه‌تی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به پێگه‌ی ئه‌لیكتڕۆنیی "ئیندپیندنت عه‌ره‌بی" گوتووه: "ئه‌مڕۆ ئێران خاوه‌نی هێزێكی گه‌وره‌ی مووشه‌كی بالیستییه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، جگه له‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران سیستمی مووشه‌كه بالیستییه‌كانیان ده‌گوێزنه‌وه بۆ لایه‌نه كارا و پیسه‌كانی ناوچه‌كه و ده‌بنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر خه‌ڵكی سڤیل". به‌ڵام ناوی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه كه به كارا و پیس ناوی بردوون.
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "واشنتن ئاماده‌یه لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ تاران بكاته‌وه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و 12 مه‌رجه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا قه‌بووڵ بكات، كه مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، چونكه ئه‌و داواكارییانه ده‌بنه گوشارێكی گه‌وره له‌سه‌ر تاران، بۆ ئه‌وه‌ی بێته ناو رێككه‌وتنێكی نوێی ئه‌تۆمی. ئه‌گه‌ر وانه‌بێت، ئێران نیازپاكیی وڵاتان ده‌قۆزێته‌وه و ته‌حه‌دای بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات توانا بالیستییه‌كانی زیاتر بكات و وه‌به‌رهێنانی زیاتر له بواری تاقیكردنه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی مووشه‌كه‌كانیدا بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێت‌و ئابوورییه‌كه‌ی هه‌ره‌سی زیاتر بهێنێت و گه‌له‌كه‌شی تووشی نه‌هامه‌تیی زیاتر ببێت".

گوته‌بێژه هه‌رێمایه‌تییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: "ئێران مووشه‌كی بالیستی بۆ عێراق گواستووه‌ته‌وه و ته‌حه‌دی بڕیاری ژماره 2231ـی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیوده‌وڵه‌تی كردووه و سه‌روه‌ریی خاكی عێراقیشی پێشێل كردووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی مایك پۆمپیۆ گوتی، ده‌بێت حكوومه‌ت له به‌غدا چاره‌نووسی عێراق دیاری بكات، نه‌ك حكوومه‌تی تاران". ئه‌و قسانه‌ش له كاتێكدان، كه ئێران پێشتر ره‌تی كردبووه‌وه مووشه‌كی بالیستی بۆ عێراق گواستبێته‌وه.
قسه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكییه هاوكاتی كۆتاییهاتنی واده‌ی به‌خشینی 8 وڵاتی جیهانه بۆ كڕینی نه‌وتی ئێران، كه له ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2/5/2019 وه ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
رۆژی 22/4/2019، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، داوای له‌و وڵاتانه كرد، كه نه‌وتی ئیران ده‌كرن، ده‌ست له هاورده‌كردن و كڕینی نه‌وتی ئه‌و وڵاته هه‌ڵگرن و له رۆژی 2/5/2019 وه هه‌ر وڵاتێك پابه‌ند نه‌بێت، رووبه‌ڕووی سزا ده‌بێته‌وه. ئه‌و هه‌نگاوه‌ی واشنتنیش له چوارچێوه‌ی توندكردنی سزاكانی سه‌ر ئێرانه‌و كه به چه‌ند قۆناغێك، پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیو به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌یدا سه‌پاند.
له ئه‌مڕۆوه ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی درابووه 8 وڵاته‌كه‌ی جیهان، كه زۆرینه‌یان له كیشوه‌ری ئاسیان و ماوه‌ی 6 مانگی خایاند، كۆتایی هات و نابێت چیدیكه مامه‌ڵه‌ی كڕینی نه‌وت له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ن.
به گوێره‌ی زانیاریی راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كان، جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ریك بێری، وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بووه له قایلكردنی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، كه ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه به یه‌كجاری هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئیران بۆ ده‌ره‌وه رێگه‌ی لێ بگیرێت.