كه‌سوكاری فڕۆكه‌وانه ئوردنییه‌كه داوایه‌ك ئاراسته‌ی عێراق ده‌كه‌ن
"تۆڵه‌ی كوڕه‌كه‌مان له سه‌ددام بكه‌نه‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
كه‌سوكاری مه‌عاز كه‌ساسبه، ئه‌و فڕۆكه‌وانه ئوردنییهی كه له دیسه‌مبه‌ری 2014، به‌هۆی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی كه‌وته ده‌ست چه‌كدارانی رێكخراوی داعش و دواتریش به زیندووێتی سووتێنرا، داوایه‌ك ئاراسته‌ی عێراق ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی ده‌قی راگه‌یه‌ندراوێك، كه‌سوكاری كه‌ساسبه داوا ده‌كه‌ن له‌ناو خاكی ئوردن تۆڵه له‌و تیرۆریسته بكرێته كه كوڕه‌كه‌یان سووتاند، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش ئه‌و كه‌سه‌ی به‌رپرسه له كوژرانی كوڕه‌كه‌یان ئێستا له عێراق ده‌ستگیركراوه و له‌لایه‌ن دادگاوه بڕیاری له سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه.
به گوێره‌ی راپۆرتی میدیاكان، ئه‌و چه‌كداره‌ی داعش، كه به‌رپرسه له سووتاندنی كه‌ساسبه، ناوی "سه‌دام جه‌مه‌ل"ـه و هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی سوورییه و له عێراق سزای له سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه.
له راگه‌یه‌ندراوی كه‌سوكاری كه‌ساسبه، ئاماژه به‌وه كراوه، ئه‌گه‌ر راده‌ستی ئه‌رده‌نیشی ناكه‌ن، رێگه‌یان پێبده‌ن ئاماده‌ی ساتی له سێداره‌دانی ئه‌و "تیرۆریسته" بن و ده‌ڵێن: "له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی سزای له سێداره‌دان به‌سه‌ر سه‌دام جه‌مه‌ل، داوا ده‌كه‌ین رێگه‌مان پێبده‌ن ئاماده‌ی بین و ببینین چۆن دادگه‌ریی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێت".
مه‌عاز كه‌ساسبه، له دیسه‌مبه‌ری 2014 فڕۆكه‌كه‌ی كه‌وته خواره‌وه و كه‌وته ده‌ست چه‌كدارانی رێكخراوی داعش، دواتریش له‌مانگی یه‌كی ساڵی 2015، رێكخراوی داعش، گرته‌ی ڤیدیۆیی سووتاندنی ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ی بڵاوكرده‌وه.
ئ. م