ئێران ئاماده‌كاری بۆ جه‌نگ ده‌كات
فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای ئێران داوا له هێزه‌كان ده‌كات له ئاماده‌باشیدابن
K24- هه‌ولێر:
عه‌بدولڕه‌حیم مووسه‌وی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران سه‌رجه‌م هێزه چه‌كداره‌كانی وڵاته‌كه‌ی ئاگادار ده‌كاته‌وه، له ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێكی شه‌وانه بۆ جه‌نگ ئاماده بن.
مووسه‌وی له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده سه‌ربازییه سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ربه‌خۆی هێزه پیاده‌كانی سه‌ر به سوپا گوتی: "پێویسته سه‌رجه‌م هێز و یه‌كه سه‌ربازییه‌كانمان له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدا بن، به شێوه‌یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه كه ئه‌مشه‌و هێرش ده‌كرێت، ده‌بێت به‌رده‌وام له مه‌شقی سه‌ربازیدا بن".
مووسه‌وی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌مڕۆ هه‌ڕه‌شه‌ی دوژمنان هه‌ڕه‌شه‌ی جددین، هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا هێرشی وشكانی ده‌ستپێناكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته هێزی وشكانی له ئاماده‌باشیدا بێت، چونكه ئه‌ركی هه‌موو جۆره هێزه‌كانه".
مووسه‌وی بانگهێشتنامه‌ی ئاراسته‌ی ته‌واوی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرد و داوای لێ‌كردن له مانۆره‌كانیان به‌رده‌وام بن.
ئه‌مه دوای ئه‌وه دێت، شه‌وی رابردوو ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌یی، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران داوای له هێزه چه‌كداره‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرد، له مانۆڕه سه‌ربازییه‌كاندا توانای خۆیان بۆ دوژمنان نمایش بكه‌ن.
خامه‌نه‌یی گوتی: "دوژمن ناتوانێت ئاماده‌كارییه‌كان بۆ جه‌نگ ئاشكرا بكات، به‌ڵام پێویسته گه‌لی ئێران توانا جه‌نگییه‌كانی بخاته‌ڕوو".
ئێستا ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه رووبه‌ڕووی توندترین سزای ئابووری بووه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش په‌كخستنی بازرگانی له كه‌رتی نه‌وت و وزه، به‌وهۆیه‌وه‌ش تاران زمانی زبری به‌رامبه‌ر به رۆژئاوا توندتر كردووه.
سه‌رچاوه: ئاژانسی فارس - مێهر