رۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی كتێبێك له‌باره‌ی كوردستان ده‌نووسێت

"خەونەکەم ھاتەدی و گەیشتمە ھەولێر"

K24 - بەرلین

رۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی سەردانی کوردستان دەکات و کتێبێک دەربارەی کورد و کوردستان دەنووسێت، ئەو ستایشی قاره‌مێنێتی پێشمەرگە دەکات و ده‌ڵێت، پێشمه‌رگه‌ ئه‌وروپای له‌ داعش پاراست، لە سیمینارێکیشیدا کە کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان لە بەرلین بۆیان ساز کردبوو، باسی لە گەشتەکەی بۆ کوردستان کرد و ناوەڕۆکی کتێبەکەی خستەڕوو.

کریستین رودۆلف، بە كوردستان24ی گوت: "کتێبەکەم بە ناونیشانی "کوردستان گەشتێک بۆ ئیمپراتۆریای ھەڵۆکان"م نووسیوە، ئەم کتێبەم بە شێوەی رۆمان نووسیوە کە گێڕانەوەی کۆمەڵێک راستیە ده‌ربارەی کوردستان، بەمەش ئەڵمانەکان زانیاری زیاتریان لەبارەی کوردستانەوە دەست دەکەوێت و چێژیش لە خوێندنەوەی کتێبەکە و رووداوەکانی ناوی وه‌رده‌گرن".

ئەو رۆژنامەنووسە ئەڵمانە سەردانی ھەرێمی کوردستانی كردووە و دەڵێ: "کە لە ئاسمانەوە سەیری ھەولێر دەکەی وەک تۆڕی جاڵجالۆکە وایە، ئەوە بۆ من شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە دواجار خەونەکەم ھاتەدی و بوو بەڕاستی و گەیشتمە ھەولێر".

کریستین رودۆلف، وەک رۆژنامەنووسێکی بواری سەربازی سەردانی ھێزەکانی پێشمەرگە دەکات و ستایشی پێشمەرگە دەکات کە داعشیان تێکشکاند و بوونە ھۆی پاراستنی ئەوروپاش. ئەو باس لەوە دەكات: "بەپێی ئەوەی کە لە میدیاکانەوە بیستوومانە و شەڕی ئازادکردنی مووسڵیش ئەوە نیشان دەدات کە پێشمەرگە زۆر ئازان، ئەوان ئەوروپاشیان پاراست. پێشمەرگە پاڵەوانن و شه‌ڕێكی جوامێرانه‌یان كرد".

فەیسەڵ عامودێ، کە ھاوکارو ھاوسەفەری رۆژنامەنووسە ئەڵمانەکە بوە، کتێبەکە و سەفەرەکەیان بە گرنگ لە قەڵەم دەدات.

کریستین رودۆلف، رۆژنامەنووسێکی ئەڵمانە و پسپۆری لە بواری رۆژنامەگەری سەربازی ھەیە و چەندین کتێبی دەربارەی سوپای ئەڵمانیا نووسیوە. ئەو خۆی بە دۆستی کورد دەزانێت و ئێستا خەمی سەرەکی ئەو بووەتە کورد و کوردستان.

ھ.م