نهێنی پشت سه‌ردانه‌كه‌ی پۆ‌مپێیۆ بۆ به‌غدا
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دوور له چاوی كامێرا‌كان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده شیعه‌كان كۆبووه‌ته‌وه
K24- هه‌ولێر:
به‌گویره‌ی سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، دوای سه‌ردانه رانه‌گه‌یه‌ندراوه 4 كاتژمێریه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، دره‌نگانی شه‌وی رابردوو دوور له چاوی كامێرا‌كان عه‌بدولمه‌هدی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده دیاره‌كانی شیعه كۆبووه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كان و میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا به ئاشكرا باس له‌وه ده‌كه‌ن، پۆمپێيۆ داوای لەحكوومەتی عیراق كردووە, گەرەنتی بداتە ئەمەریكا، كە كۆنتڕۆڵ و چاودێری جموجۆڵ و كاردانەوەكانی گروپە شیعەكانی سەر بە ئێران بكات، هەر بۆیەش لەدوای سەردانەكەی پۆ‌مپێیۆ بۆ به‌غدا، درەنگانی شەوى رابردوو عادل عەبدولمەهدی لە ماڵەكەی خۆیدا كۆبوونەوەیەكی دوور لە چاوەكانی كامێرا، لەگەڵ هەریەك لەحەیدەر عەبادی، نوری مالیكی، عەمار حەكیم وهادی عامری ئەنجامداوە.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، ئه‌مڕۆش برایان هوك، ڕاوێژكاری كاروباری ئێران لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە پانێلێكی تایبەت بە سیاسەت و هەنگاوەكانی ئێستای ئەمەریكا دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێران گووتی: "یەكێك لە بەڵگەكانی سەركەوتنی سیاسەتی ئێمە لە بە ئامانجكردنی توانا ئابووری و داراییه‌كانی ئێران خۆی لەوەدا دەبینێته‌وه، كە ڕاپۆرتەكانی هەوڵگریی ئێمە دوپاتی دەكەنەوە، ئێران ڕووبەڕووی كێشەی پێدان وناردنی مووچە و هاوكاری ماددی گروپ ومیلیشیاكان بۆتەوە لە وڵاتانی دیكه".
دووپاتیشیكرده‌وه، ئه‌و كێشانه‌ی بۆ ئێران درووست بوونه، ئاماژەیەكن بۆ ئه‌وه‌ی كە لە ماوەیەكی كورتی داهاتودا ئەم گروپانە هێدی هێدی لەژێر دڵسۆزيبوون و پابەندبوونیان بڕیاره‌كانی تاران نامێنن، بەتایبەتی كاتێك كە وڵاته هاوپەیمانه‌كانمان بەڵێنیان پێداوین، كاریگەریی و ڕۆڵی ئەم گروپانە كەمتر بكەنەوە و سوپا و حكوومەت باڵادەست بێ نەوەك كروپ ومیلیشیاكان".
ئەم قسانەی هوك ئەم ئێوارەیە لە دامەزراوەی دیراساتی ستراتیژی و نێودەوڵەتی لە واشنتۆن دواى ئه‌و سه‌ردانه‌ی مایك پۆمپێيۆ، وەزیری دەرەوەى ئه‌مه‌ریكا هاتوون، كه دوێنێ بۆ به‌غدا ئه‌نجامیدا.
میدیا و سەرچاوەكانی زانیاری ئەمەریكا بە ئاشكرا باس لەوە دەكەن، پۆ‌مپێیۆ له كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وەزیرانی عیراق لە بەغدا، داوای لەحكوومەتی عیراق كردووە، گەرەنتی بداتە ئەمەریكا كەوا كۆنتڕۆڵ و چاودێری جموجۆڵ و كاردانەوەكانی گروپە شیعەكانی سەر بە ئێران بكات.
سه‌رچاوه‌كان ئاشكراشيانكرد، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره لە دوای سەردانەكەی پۆ‌مپێیۆ درەنگانی شەوی رابردوو عادل عەبدولمەهدی لە ماڵەكەی خۆیدا كۆبوونەوەیەكی دوور لە چاوەكانی كامێراى لەگەڵ هەریەك لەحەیدەر عەبادی، نوری مالیكی،عەمار حەكیم وهادی عامری ئەنجامداوە.
دواتريش له میانه‌ی به‌رنامه‌ی "بالحرف الواحد" له كه‌ناڵی "ئه‌لره‌شید" كه میوانداری حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر و هاوكات سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراقی كردبوو، هه‌واڵی كۆبوونه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له مالیكی، عه‌بادی، حه‌كیم و عامری پشتڕاست كرایه‌وه.
له‌باره‌ی دوا هه‌نگاوه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش به‌رامبه‌ر به ئێران، كاوه حه‌سه‌ن، په‌یامنێری كوردستان 24 له واشنتن، كه له پانێڵه‌كه‌ی برایان هوك، راوێژكاری كاروباری ئێران له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌بوو، زانیاری زیاتری خسته روو.
ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ردانه له‌ناكاو و رانه‌گه‌یاندراوه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌غدا، كاردانه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقی به‌دوای خۆیدا هێناوه، به‌شێك له لایه‌نه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئه‌م سه‌ردانه‌ی پۆ‌مپێیۆ بۆ رزگاركردنی عێراقه له سوپای پاسدارانی ئێران و به‌شێكی دیكه‌ش كه هاوسۆزن له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌م سه‌ردانه‌ی پۆ‌مپێیۆ ئیدانه ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت خاكی عێراق بۆ لێدانی وڵاتانی ناوچه‌كه به‌كاربهێنێت.
له‌مباره‌یه‌وه میسال ئالووسی، سه‌رۆكی حزبی ئوممه‌ی عێراقی له كاردانه‌وه‌یه‌كدا دووپاتیكرده‌وه، سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ به‌غدا بۆ رزگاركردنی عێراقه له سوپای پاسداران و میلیشیاكان.
ئالووسی ده‌شڵێت: ئه‌مریكا باش هه‌ستی به مه‌ترسی كۆنتڕۆڵكردنی عێراق له لایه‌ن سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاكانه‌وه كردووه، بۆیه ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێك بۆ رزگاركردنی عێراق له كۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران و میلیشیاكان كردووه.
سه‌رۆكی حزبی ئوممه‌ی عێراقی جه‌ختیشی كرده‌وه، بۆ هه‌ر پێویستییه‌ك كه مه‌به‌ست لێی رزگاركردنی عێراق بێت له كۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران و كاركردن بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و میلیشیایانه‌ی بۆ ئێران كار ده‌كه‌ن، ئه‌مریكا پاڵپشتی حكوومه‌تی عێراق ده‌كات.
له به‌رامبه‌ریشدا به‌شێك له لایه‌نه‌كان له‌و سه‌ردانه‌ی پۆ‌مپێیۆ نیگه‌رانن، به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نه شیعانه‌ی كه ده‌گوترێت له‌گه‌ڵ تاران هاوسۆزن، له‌وانه‌ش هاوپه‌یمانی فه‌تح له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه له‌لایه‌ن هادی عامرییه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، ئه‌و سه‌ردانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به به‌شێك له پڕۆژه‌ی واشنتن له ناوچه‌كه وه‌سف ده‌كات.
كه‌ریم علێوی، په‌رله‌مانتاری فه‌تح له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت: سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌غدا سه‌ركه‌وتوو نابێت و دووپاتیكرده‌وه، عێراق نابێته به‌شێك له پڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه، هه‌روه‌ك خاكه‌كه‌شی نابێته بنكه‌یه‌ك بۆ لێدانی وڵاتانی دراوسێ.
علێوی له دیدارێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "سه‌ردانی پۆ‌مپێیۆ بۆ به‌غدا سه‌ركه‌وتوو نابێت و پێشوازیشی لێ ناكه‌ین"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "عێراق نابێته به‌شێك له پڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه و خاكه‌كه‌شی هه‌رگیز نابێته پێگه‌یه‌ك بۆ لێدانی وڵاتانی دراوسێ به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ئه‌جێنداكانی واشنتن".
علێوی دووپاتیكرده‌وه، "عێراق ئه‌م جۆره سه‌ردانه رانه‌گه‌یه‌ندراوانه له خزمه‌تی خۆی نازانێت و باش ده‌زانین كه ئامانج لێی ته‌نیا بۆ پێكاندنی پلانه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی، جوگرافی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، بۆیه ناكرێت ببینه به‌شێك له ئامرازه‌كانی واشنتن بۆ درووستكردنی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێ".
له لایه‌كی دیكه‌وه، كوتله‌ی سادیقوونی سه‌ر به عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق له په‌رله‌مانی عێراق، كه له‌لایه‌ن قه‌یس خه‌زعه‌لییه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، نیگه‌رانی خۆیان له‌و سه‌ردانه‌ی پۆ‌مپێیۆ راگه‌یاند و داوای له حكوومه‌تی عێراق كرد، نه‌كه‌وێته ژێر باری ئه‌مه‌ریكا و له پێگه‌ی عێراقێكی به‌هێزه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران بكات.
نه‌عیم عه‌بدودی، وته‌بێژی كوتله‌ی سادیقون گوتی: "ئه‌گه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌و خێراییه بۆ گه‌یاندنی په‌یامی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز بێت بۆ ئه‌وه‌ی عێراق ناچار بكات پابه‌ندی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران بێت، ئه‌وا ئێمه داوا له حكوومه‌تی عرێراق ده‌كه‌ین، له پێگه‌ی عێراقێكی به‌هێزه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی سزاكان بكات و هیچ حیسابێك بۆ فشار و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نه‌كات".
لای خۆشیه‌وه به‌ها ئه‌عره‌جی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق له‌باره‌ی لێدوانه‌كه‌ی پۆ‌مپێیۆ كه گوتبووی "ئێمه عێراقێكی سه‌ربه‌خۆمان ده‌وێت"، گوتی: "مه‌به‌ستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌و لێدوانه ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت عێراق پابه‌ندی بڕیاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له دژی ئێران بێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی سه‌ربه‌خۆییبوونی عێراقه".
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، شه‌وی رابردوو مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به سه‌ردانێكی له‌ناكاو گه‌یشته عێراق و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای وڵات كۆبووه‌وه و چه‌ند په‌یامێكی تایبه‌ت به ئێران و ناوچه‌كه‌ی پێ گه‌یاندن.
به گوێره‌ی زانیاریی میدیا عێراقییه‌كان، پۆمپیۆ له زیادبوونی چالاكییه‌كانی ئێران، به‌رپرسانی عێراقی ئاگادار كردووه‌ته‌وه و نیگه‌رانیی خۆیشی تایبه‌ت به ره‌وشی ناوچه‌كه گه‌یانده عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق.
سه‌ردانه‌كه‌ی پۆمپیۆ، دوای دوو رۆژ دێت له لێدوانێكی جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا، كه دوای ناردنی كه‌شتیی فڕۆكه‌هه‌ڵگری ئه‌براهام لینكۆڵن بۆ ئاوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاندبوو، هۆكاری ناردنی ئه‌و هێزه، "مه‌ترسییه راسته‌قینه‌كانن كه به هۆی هێزه‌كانی رژێمی ئێرانه‌وه دروست بوون".
یه‌كێك له‌و په‌یامانه‌ی كه پۆمپیۆ گه‌یاندییه عێراق ئه‌وه‌بوو، كه پێویسته به‌غدا بتوانێت هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له وڵات‌دا بپارێزێت.
پۆمپیۆ به رۆژنامه‌وانانی راگه‌یاند، ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه، ئاگاداركردنه‌وه‌ی به‌رپرسانی عێراقی بوو له‌و مه‌ترسییانه‌ی كه تێبینیان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به شێوه‌یه‌كی باش هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان بپارێزن.
هاوكات پشتیوانیی وڵاته‌كه‌شی بۆ سه‌روه‌ریی عێراق دووپات كرده‌وه و رایگه‌یاند، به هیچ شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێت ده‌ست له كاروباری ناوخۆی عێراق وه‌ربده‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ناو خاكی ئه‌و وڵاته، هێرش بكه‌نه سه‌ر وڵاتانی دیكه.
له باره‌ی ره‌وانه‌كردنی كه‌شتیگه‌لی ئه‌مه‌ریكی بۆ ناوچه‌كه، پۆمپیۆ رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت له به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران، پارێزگاریی له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بكات و پێویسته هێزی ته‌واو هه‌بێت تا بتوانێت ئه‌و پارێزگارییه ده‌سته‌به‌ر بكات. پۆمپیۆ گوتیشی: "ئه‌و په‌یامه‌ی بۆ ئێرانمان ره‌وانه كرد، ده‌مانخاته هه‌ڵوێستێكی وا، كه بتوانین به‌رپه‌رچیان بده‌ینه‌وه، ئێرانییه‌كانیش به‌ر له‌وه‌ی هێرش بكه‌نه سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، پێویسته دووجار بیر بكه‌نه‌وه".
روونیشی كرده‌وه، زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به شێوه‌یه‌كی ورد و دیاریكراو باس له ئه‌نجامدانی هێرش ده‌كه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌مه‌ریكا عێراق ها نده‌دات په‌له بكات له كۆنتڕۆڵكردنی گرووپه چه‌كدارییه سه‌ربه‌خۆكان، كه كه‌وتوونه‌ته ژێر هه‌ژموونی ئێران، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی حكوومه‌تی به‌غدا و گوتی: "ئه‌و گرووپانه وا ده‌كه‌ن عێراق ببێته وڵاتێكی ناسه‌قامگیر".
H.B