سەرڕێژبوونی ئاو لە بێڵ ماوسی بەنداوی دووکان کۆتایی دێت
كهمتر ئاو دهڕژێته بهنداوهكهوه

K24 - ههولێر:
بەڕێوبەرایەتی بەنداوی دووکان ئاشکرای دەکات، بڕی ئەو ئاوەی ئێستادا دێته ناو بەنداوی دووکان دەبێت نزیکەی 20% کەمترە لەبڕی ئەو ئاوەی لەبەنداوەکە بەردراوەتەوە، بۆیە پێشبێنی دەکەن ئەمڕۆ یان سبەینێ سەرڕێژبوونی ئاو لە بێڵ ماوسی بەنداوەکە کۆتایی بێت.
ڕێڤان بورهان وتەبێژی بەنداوی دووکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیان: "ئێستا 600 م3 لەهەر چرکەیەک ئاو لە بەنداوی دووکان بەردراوەتەوە، لەکاتێکدا لەهەر چرکەیەک 500 م3 ئاو دێتە بەنداوەکەوە، ئەوەش وایکردووە دوای پڕبوونی بەنداوی دووکان لە2ـی نیسانی ئەم سا، بەرە بەرە ئاستی ئاو لەبەنداوەکە بەرەو دابەزین بڕوات".
گوتەبێژی بەنداوی دووکان ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتژمێر 7ـی ئێوارەی دوێنێ تا کاتژمێر 7ـی ئەم بەیانیە 4 سانتیمەتر ئاو لە بەرزی بێڵ ماوس دابەزیووە و ئێستا تەنها بە بەرزی 3 سانتیمەتر ئاو لەبێڵ ماوسەکە سەرڕێژ دەکات ، بۆیە پێشبینی دەکەن ئەم شەو یان بەیانی سەرڕێژ بوونی ئاو لە دەرچەی بێڵ ماوسی بەنداوەکە کۆتایی پێ بێ کە لە 30 ساڵی ڕابردوو ئاوی بەنداوەکە بەو ڕادەیە نەبووە سەرڕێژ بکات.
سهرڕێژبوونی ئاو له بێڵ ماوسی بهنداوهكه له ماوهی زیاتر له مانگێكی رابردوودا بووه مایهی دڵخۆشی هاووڵاتیان و بهشێكیان بۆ بینین دهچوونه ئهو ناوچهیه.