ئەمەریکا بە بنکەی سەربازیی دەوری ئێرانی داوە
ئەمەریکا چەند بنکەی سەربازیی لە نزیک ئێران هەیە؟
K24 – ههولێر:
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، سوپای ئەمەریکا زیاتر هێز رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو دەکات.
ناردنی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بی – 52، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبرەهەم لینکن و سیستمی دژە مووشەکی پاتریۆت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئەمەریکاوە، گومانی دروست بوونی جەنگی لە نێوان واشنتن و تاران زیاد کردووە، چونکە بە گووتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، ئامانج لە ناردنی ئەو هێزانە، ئامادەکارییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی هێزەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمەریکا خۆی خاوەنی چەندین بنکەی سەربازییە لە دەوروبەری ئێران.
هێزی دەریاوانی فلیت پێنج، کە بنکەکەی دەکەوێتە وڵاتی بەحرەین، زیاد لە حەوت هەزار سەربازی ئەمەریکی لەخۆ دەگرێت. لە کوەیت، ناوەندی فەرمانی سوپای ئەمەریکا بوونی هەیە و 13 هەزار سەرباز لە خۆ دەگرێت.
بنکەی ئاسمانی زەفڕە لە ئەبو زەبی - ئیماڕات، پێنج هەزار سەربازی ئەمەریکی و بنکەی ئاسمانی عەدید لە قەتەر 10 هەزار سەربازی ئەمەریکیان تێدایە.
لەگەڵ ئەم بنکە سەربازییانە، ئەمەریکا چەند هێزی تایبەتی پیادەڕەوی لە عێراق، یەمەن، ئەفغانستان و پاکستان هەیە.
بەرپرسانی عێراق چەند جارێک ئاشکرایانکردووە، پێنج هەزار و 200 سەربازی ئەمەریکی لە عێراقدا بەسەر چەند بنکەیەکی سەربازییدا دابەش بوون.

هەروەها، چەند یەکەیەکی سەربازی بچووکی تایبەتی ئەمەریکا هەن کە بە "لیلی پادس" ناسراون و ژمارەیان نزیکەی 200 سەرباز دەبێت، ئەم گروپانە دەتوانن فڕۆکەخانە و بەندەرەکانی وڵاتانی عومان، سعوودییە، تورکیا و میسر بەکار بهێنن لە کاتی پێویستدا.
پێشتر فشارەکانی ئەمەریکا تەنها ئابووری بوو، لە دوا هەنگاویدا، ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا، نەوتی ئێران بە تەواوی قەدەغەبکات، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێرانیش، حەسەن رۆحانی ئەو کات رایگەیاند، ئێمە نەوتی خۆمان دەفرۆشین و ئەمەریکا ئەمە بە چاوی خۆی دەبینێت، بەڵام لە ئێستادا واشنتن سوپاکەی بۆ فشارخستنە سەر تاران بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەش تەواو لە ئامادەباشییدایە.
Politico Magazine
Sputnik