سارا عومه‌ر له دانیمارك خه‌ڵاتی ژنی ساڵی پێ ده‌به‌خشرێت
نووسه‌ری رۆمانی "مردووشۆر"ه و تا ئێستا 350 هه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشراوه
K24 - هه‌ولێر:
سارا عومه‌ر، نووسه‌ری رۆمانی "مردووشۆر"، له دانیمارك خه‌ڵاتی ژنی ساڵی پێ به‌خشرا، كه یه‌كه‌م ژنی كورده لەسەر ئاستی جیهان، خه‌ڵاتێكی له‌و جۆره به‌ده‌ست بهێنێت.
سارا، كه پێشتریش خه‌ڵاتی "ژنی بوێر"ی پێ به‌خشراوه، نووسه‌ری رۆمانی مردووشۆره، كه به زمانه‌كانی "دانیماركی، نه‌رویجی و سویدی" بڵاو كراوه‌ته‌وه و تا ئیستاش زیاتر له 350 هه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشراوه.
له باره‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ی، سارا به كوردستان24ی رایگه‌یاند، رێوڕه‌سمی خه‌ڵاته‌كه له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی "ئێل ستایل ئه‌واردز ELLE Style Awards 2019" رێكخراوه، كه خاوه‌نی چه‌ندین لقی به‌ناوبانگه له‌سه‌ر ئاستی دانیمارك و نێوده‌وڵه‌تی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بۆ دیاریكردنی ئه‌و كه‌سه‌ی خه‌ڵاتی ژنی ساڵ وه‌رده‌گرێت، ساڵانه چه‌ند كه‌سێك به‌ربژێر ده‌كرێن، ئه‌وساڵیش ئه‌و به‌ربژێر كراوه.
به گوێره‌ی داتای دامه‌زراوه‌ی ئه‌له میدیا، سارا عومه‌ر، له‌سه‌ر ئاستی ده‌نگدانی خه‌ڵك، شه‌ش جار هێنده‌ی ده‌نگی ئاسایی ده‌نگی هێناوه، كه تا ئێستا هیچ كه‌سایه‌تییه‌ك هێنده ده‌نگی نه‌هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه بباته‌وه.
سه‌باره‌ت به چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمانهكهشی، سارا عومه‌ر رایگه‌یاند، ڕۆمانی مردوو شۆر بەڕێوەیە و لە کۆتایی ئامادەکاری دایە بۆ زمانی کوردی، ساڵی داهاتووش به زمانی فه‌ڕه‌نسی و چەند زمانێکی دیكه‌ی جیهانیی بڵاو ده‌بێته‌وه.
رۆمانی مردووشۆر، كه له 30ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2017 بڵاو بووه‌ته‌وه، تا ئێستا به سێ زمانی جیاوازی سکەندەناڤی چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه و لە ماوەیەکی کەمدا، زیاتر لە 350 هه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشراوه، به‌مه‌ش تاكه رۆمانی كوردییه، كه له‌لایه‌ن ژنه نووسه‌رێك نووسرابێت و هێنده‌ی لێ فرۆشرا بێت و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌نگی دابێته‌وه.
.jpg)
.jpg)
.jpg)

سارا عومه‌ری نووسه‌ری رۆمانی "مردووشۆر" پێشتر له باره‌ی رۆمانه‌كه‌ی بۆ كوردستان 24 دواوه
ئ. م