ئه‌مه‌ریكا داوا له هاووڵاتییه‌كانی ده‌كات سه‌ردانی عێراق نه‌كه‌ن
بارودۆخه‌كه مه‌ترسیداره و ده‌بێت ره‌چاوی ئه‌م چوار خاڵه بكه‌ن

K24 - هه‌ولێر:
باڵیۆزخانه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، به هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی گرژییه‌كان له عێراق، داوا له هاووڵاتییه‌كانی ده‌كات، سه‌ردانی عێراق نه‌كه‌ن، یان ئه‌گه‌ر سه‌ردانیشی ده‌كه‌ن، هۆشیاربن و چوار خاڵ وه‌ك رێوشوێنی سه‌لامه‌تی، په‌یڕه‌و بكه‌ن.
به گوێره‌ی بڵاوكراوه‌یه‌كی باڵیۆزخانه‌كه، كه رۆژی 12/5/2019، ئاراسته‌ی هاووڵاتییانی ئه‌مه‌ریكا كراوه، داوایان لێ ده‌كات بۆ پارێزگاریكردن له خۆیان، ره‌چاوی ئه‌م چوار خاڵه بكه‌ن.
1- گه‌شت بۆ عێراق نه‌كه‌ن.
2- خۆیان له‌و شوێنانه دوور بخه‌نه‌وه، كه به ناوچه‌ی گردبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ناسراون.
3- ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرا نه‌كه‌ن.
4- ئاگاداری خۆیان و ده‌وروبه‌ریان بن.
هه‌روه‌ها داوا له هاووڵاتییانی ئه‌مه‌ریكی كراوه، بۆ هه‌ر ڕووداوێكی له‌ناكاو، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت.
به هۆی زیادبوونی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و ئه‌و بارودۆخه نوێیه‌ی، پاش سزادانی ئێران هاتووه‌ته ئاراوه، هه‌روه‌ها ناردنی كه‌شتیگه‌لی جه‌نگیی و فڕۆكه‌ی زه‌به‌لاحی B-52 و بڕیاری بڵاوكردنه‌وه‌ی زیاتری سه‌كۆی مووشه‌كی پاتریۆت و باڵاده‌ستیی ئێران له عێراق، ئه‌مه‌ریكا مه‌ترسیی بۆ دروست بووه و هاووڵاتییه‌كانی له عێراق و ناوچه‌كه ببنه ئامانجی توندوتیژییه‌كان.
به گوێره‌ی چه‌ند راپۆرتێكی میدیایی و هه‌واڵگریی، پێده‌چێت عێراق ببێته خاڵی به‌ریه‌ككه‌وتن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان واشنتن و تاران، چونكه به‌شێكی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، كه له ئێرانه‌وه نزیكن، ئه‌مه‌ریكا له لیستی تیرۆر دایناون و زانیاریی ئه‌وه‌ش بڵاو بووه‌ته‌وه، كه میلیشیاكانی نزیك له ئێران پلان بۆ هێرشكردنه سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا داده‌ڕێژن.