كرملین: ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی ئێران گه‌ره‌نتی نه‌داوه و ره‌وشه‌كه به‌ره‌و گرژیی زیاتر ده‌ڕوات
رووسیا: له بڕیاره‌كه‌ی ئێرانیش نیگه‌رانین
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 15/5/2019، كۆشكی كرملین رایگه‌یاند: "مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هیچ گه‌ره‌نتییه‌كی له باره‌ی ره‌وشی ئێران نه‌داوه‌ته رووسیا، بارودۆخه‌كه‌ش به هۆی فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر تاران، به‌ره‌و گرژیی زیاتر ده‌چێت".
دیمیتری بیسكۆڤ، سكرتێری رۆژنامه‌وانیی ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا ده‌ڵێت: "مۆسكۆ هیچ گه‌ره‌نتییه‌كی له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا وه‌رنه‌گرتووه له باره‌ی ئێرانه‌وه، بارودۆخه‌كه‌ش روونه و به هۆی گوشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه بۆ سه‌ر تاران، به‌ره‌و گرژیی زیاتر ده‌ڕوات".
بیسكۆڤ به رۆژنامه‌وانانی گوتووه: "له كاتێكدا مۆسكۆ چاودێریی به‌رده‌وامیی هه‌ڵچوونی گرژییه‌كان ده‌كات، له‌و بڕیاره‌ش نیگه‌رانه كه ئێرانییه‌كان داویانه، كه (له‌مڕۆوه ئێران پابه‌ندبوون به چه‌ند خاڵێكی ناو رێككه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه راده‌گرێت)، ئێمه له‌وه‌ش تێده‌گه‌ین كه تاران به ئه‌نقه‌ست بڕیاری له‌و جۆره‌ی نه‌داوه و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و فشارانه‌یه، كه زیاتر له ساڵێكه له‌سه‌ریه‌تی، به‌تایبه‌تی كرۆكی پلانی كاركردنی گشتی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی گرتووه‌ته‌وه".
به گوێره‌ی قسه‌كانی سكرتێری رۆژنامه‌وانیی پوتین، ره‌فتاره‌كانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بوونه‌ته هۆی وروژاندنی ئێرانییه‌كان، رووسیا له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان قسه‌ی له باره‌وه ده‌كات و هێشتا دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانییه گشتییه‌كه‌ش به‌رده‌وامه".
قسه‌كانی بیسكۆڤ پاش رۆژێكه له دیداری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆكی رووسیا و به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، كه پۆمپیۆ نه‌ك گه‌ره‌نتییه‌كی به رووسیا نه‌داوه، به‌ڵكوو ئاره‌زووی گرژتركردنی دۆخه‌كه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه به روونی بینراوه".