ئه‌مه‌ریكییه‌كان رێوشوێنی ئه‌منی توند له عێراق ده‌گرنه‌به‌ر
"جگه له سوپای عێراق هیچ هێزێك ناتوانێت له ده‌وروبه‌ریان تێپه‌ڕێت"

K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه 16/5/2019 به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق رایگه‌یاند: "ئه‌مه‌ریكا له چوار پارێزگای عێراق رێوشوینی ئه‌منی توندی له سه‌ربازگه و بنكه سه‌ربازییه‌كانی گرتووه‌ته‌به‌ر، رێوشوێنه ئه‌منییه‌كه به‌جۆرێكه پێشتر هاوشێوه‌ی نه‌بینراوه".
ئه‌و به‌رپرسه عێراقییه كه نه‌یویستووه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌ریكییه‌كان له سه‌ربازگه و بنكه سه‌ربازییه‌كانیاندا رێوشوێنه ئه‌منییه‌كانیان زۆر توندكردووه و پێشتر نه‌بینراوه، له بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د و سه‌ربازگه‌ی التقدم له ئه‌نبار، فڕۆكه‌خانه، تاجی، به‌غدا، به‌له‌د له سه‌ڵاحه‌ددین و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی مووسڵیش ئه‌و رێوشوێنه ئه‌منییه تونده ده‌بینرێت".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه "رێوشوێنه‌كه هێنده تونده، جگه له سوپای فه‌رمی عێراق رێگه ناده‌ن هیچ هێزێك له ده‌وروبه‌ریان جووڵه بكات و بسوڕێته‌وه، ته‌نانه‌ت ناردنه ئاسمانی فڕۆكه‌ی چاودێریی و هه‌ر جووڵه و گه‌ڕانێك راگیراوه".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق ده‌ڵێت: "باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا پێشوازیكردنی له هاووڵاتیانی عێراقیش راگرتووه گه‌ر بیانه‌وێت ڤیزا وه‌ربگرن، هێزه‌كانی عێراقیش لای خۆیانه‌وه ده‌وروبه‌ری هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به توندی ده‌پارێزن و له دوو پێگه‌دا بۆ پاراستنی فه‌رمانبه‌ره سڤیله‌كانی باڵیۆزخانه‌كه و ئه‌وانه‌ی بۆ هاوكاریی دانیشتوانی ناوچه تازه رزگاركراوه‌كان هاتوون، سوپای عێراق به‌چڕی چاودێریی ده‌كات".
رۆژی چوارشه‌ممه 15/5/2019 ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا داوای له كارمه‌نده لاوه‌كییه‌كان كرد كه له باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا و كونسوڵخانه‌كه‌یان له هه‌ولێر كارده‌كه‌ن، به خێرایی عێراق جێبهێڵن.