سعوودییە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بە وڵاتانی عەرەبی دەکات
"شەڕمان ناوێت بەڵام ئامادەین بەرگری لە خۆمان بکەین"
K24 – ههولێر:
بڕیارە 30ی ئەم مانگە – ئایار، چەند وڵاتێکی کەنداو بە سەرکردایەتی سعوودییە کۆببنەوە و باس لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر دوو وێستگەی نەوتی سعوودییە و چوار کەشتییە بازرگانییەکە بکەن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودییە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: "سعوودییە جەنگی لە ناوچەکە ناوێت، بەڵام بە هەموو هێزییەوە رووبەڕووی هەر هێرشێک دەبێتەوە".
دەشڵێت: "هەموو شتێک دەکەین تاکو جەنگ روونەدات، بەڵام ئەگەر لایەنی دووەم جەنگی بوێت، شانشینی سعوودییە بەرگری لەخۆی و تەواوی بەرژەوەندییەکانی دەکات".
ئەمڕۆ یەکشەممە، پاشا سەلمان چەند وڵاتێکی کەنداو و عەرەبی بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە شاری مەککە بانگهێشتکرد کە بڕیارە 30 مانگ بەڕێوەبچێت.
لە بارەی ئەو کۆبوونەوەیە، وەزیری دەرەوەی ئیمارات رایگەیاندووە: "دۆخە زۆر هەستیارەکەی ئێستا پێویستی بەوەیە عەرەب و کەنداو بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان یەکگرتوو بن".
سعوودییە ئێران بە هێرشی سەر دوو وێستگە نەوتییەکەی تۆمەتبار دەکات، چونکە حووسییەکان هێرشەکەیان ئەنجامدا و ئەو گروپەش لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەڵام تاران ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
H.J