په‌ڵكانه.. به مه‌رجی قبووڵكردنی ته‌عریب رێگه به جووتیارانی كورد ده‌درێت دروێنه بكه‌ن
هێزێكی ئه‌منیی زۆری لێیه و رێگریان لێ ده‌كه‌ن
.jpg)
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ره‌ڕای رێككه‌وتنی نێوان جووتیارانی كورد و عه‌ره‌بی هاورده‌ی گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ر به ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كان رێگه ناده‌ن كورد ده‌غڵودان دروێنه بكه‌ن.
په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند، لە گوندی پەڵکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، پاش ئەوەی رێكکەوتن لەنێوان نوێنەرانی جووتیارە کوردەکانی پەڵکانە و عەرەبە هاوردەکان کرا، بۆ ئه‌وه‌ی بەرپرسانی سنو‌ورەکە و هێزە ئەمنییەکان ڕێگە بدەن کوردەکان ده‌غڵودانه‌كانیان دروێنە بکەن، بەڵام ئەمڕۆ له كاتی چوونی جووتیارانی كورد بۆ دروێنەی گەنمەکانیان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگریان لێ کراوە و پێیان وتراوە، کە ئەوان حساب بۆ رێکكەوتن و نووسراوی پارێزگاری کەرکووك ناکەن و دەبێت 31 ماڵ، کە لە گوندەکە چۆڵن، بدرێنە عەرەبە هاوردەکان، ئەوکات ڕێگە دەدەن دەغڵودانەکانیان دروێنه بكه‌ن.
بەختیار سابیر، كه یەکێکە لە جووتیارەکانی گوندی پەڵکانه، گوتی: "رێگەمان نادەن دروێنە بکەین و هێزێکی ئەمنیی زۆرییشیان هێناوەتە ناو گوندەکە".
گوتیشی: "به‌پێی ئەو رێکكەوتنەی کراوە، دەبوو ئێمە به‌روبوومی زه‌وییه‌كانمان دروێنە بکەین، تا ئەو کاتەی دادگا پرسەکە یەکلایی دەکاتەوە، بەم مەرجەش قایل بووین، بەڵام ئێستا ئەوان پاشگەز بوونەتەوە و دەڵێن دەبێ لە پەڵکانە ماڵە عەرەبەکان نیشتەجێ بکرێن، ئەوکات دروێنە بکەن".
ئ. م