جۆن بۆڵتون بۆ تاوتویكردنی "چه‌ند پرسێكی گرنگی ناوچه‌كه" سه‌ردانی ئیمارتی كرد
"سبه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیمارات كۆده‌بمه‌وه"
K24- هه‌ولێر:
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ جۆن بۆڵتون، راویژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا به سه‌ردانێك گه‌شیته ئیمارات و بڕیاره له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته چه‌ند پرسێگی "ئه‌منیی گرنگ" تاوتوێ بكات.
له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بۆڵتون نووسیویه‌تی، "به‌ر له ماوه‌یه‌كی كه‌م گه‌یشتمه ئیمارات، ده‌مه‌وێت سبه‌ی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه ئیماراتییهكانمان چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی ئه‌منی هه‌رێمی گرنگ و زیندوو تاوتوێ بكه‌م".
Just landed in the UAE. Looking forward to meeting with our Emirati allies tomorrow to discuss important and timely regional security matters.
— John Bolton (@AmbJohnBolton) May 28, 2019
ئه‌م سه‌ردانه‌ی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه دوای سه‌پاندنی سزای ئابووری له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه به‌سه‌ر ئێران‌دا و ناردنی كه‌شتیگه‌لی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌ی كه‌نداو، گرژییه‌كانی نێوان واشنتن و تاران گه‌یشتوونه‌ته لووتكه.
له‌وه‌ش زیاتر، دوای زیانگه‌یاندن به 4 كه‌شتیی بازرگانی و نه‌وتی "دوانیان هی سعوودیه و یه‌كێكی ئیمارات و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان هی نۆ‌رویژ" له 12ی ئه‌م مانگه كه له دووری 70 میل له گه‌رووی هورمز له نزیك ئاوه‌كانی ئێران به‌ره‌و به‌نده‌ری فه‌جیره به‌ڕێوه بوون، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه ئاڵۆزی كه‌وته نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران.
دوای ئه‌و رووداوه‌ش هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا، ئیمارات و سعوودیه په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان بۆ ئێران درێژكرد، له به‌رامبه‌ردا تاران ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكرده‌وه.
H.B