غه‌فوور مه‌خمووری داوا له‌ نه‌رویجییه‌كان ده‌كات پشتیووانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكه‌ن

سكرتێری گشتیی YNDK به‌شداریی کۆنگرەى گشتیى پارتىی کریستیانى نەرویج لە ئۆسڵۆ ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

غه‌فوور مه‌خمووری، سكرتێری گشتیی  YNDK، له‌ رۆژانى 1و2ـی ئه‌م مانگه‌ لە شارى ئۆسڵۆى پایتەختى نەرویجو بەشدارىی کۆنگرەى گشتیى (پارتیى کریستیانى نەرویج) ی كرد و لە وتارێکيدا رایگه‌یاندووه‌: "تاکە چارەسەری پرسی گەلى كوردستان سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتە، هه‌روه‌ها داوای کردووه‌ پشتیووان و هاوکارىی گەلى کوردستان بن بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیى کوردستان".

غەفوور مەخموورى، سکرتێرى گشتیى یەکێتىی نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان (YNDK) له‌لایه‌ن ئیریک سەلە، سەرۆکى  پارتیى کریستیانى نەرویجى و ژمارەیەک لە ئەندامانى سەرکردایەتیى پارتییەکەوە پێشوازیی لێ كراوه‌ و بەشداریی کۆنگرەى گشتیى پارتىی کریستیانى نەرویجی كردووه‌.

سكرتێری گشتیی YNDK لە وتارەکەیدا داواى هاوکاریی و پشتیووانى بۆ پرسى گەلى کوردستان کردووه‌ و گوتوویه‌تی: "كۆنگرەكەتان لەكاتێكدا دەبەسترێت، كە رۆژهەڵاتی ناڤین بە شێوەیەكی گشتیی لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیار دایە و چاوەڕوانی هاتنەپێشی زۆر ئەگەر و پێشهات دەكرێت، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئێمەی نەتەوە بندەستەكان و پێویستیمان بە هاوکاریى و پشتیووانىی ئێوە دەبێت، ئێمەى گەلى کوردستان کەوا نیشتمانەکەمان دابەش و داگیر کراوە و زوڵمیکى مێژووییمان لێ کراوە، چەندین ساڵە لە خەبات و بەرخودان داین لە دژى داگیرکەران و لەم پێناوەشدا قوربانیى زۆرمان داوە".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "باوەڕى تەواومان بە پێکەوەژیان و رێزگرتنى نێوان پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکان هەیە، داوا لە هەموو لایەک دەکەین، کەوا لە رق و دووبەرەکى دوور بكه‌وینه‌وه‌ و کار بکەین بۆ چاندنى تۆوى خۆشەویستى و برایەتىی لە نێوان گەلاندا، بێگومان تەنیا بە بڵاوکردنەوەى کولتوورى خۆشەویستى و برایەتیى گەلان دەتوانین وا بکەین ئاشتى و ئارامىی باڵ بەسەر جیهاندا بکێشێت".

مەخموورى لە وتارەکەیدا جەختى له‌سه‌ر سەربەخۆیى کوردستان كردووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تی: "دەمانەوێت راشکاوانە ئەوە بە هەموو لایەک رابگەیەنین، کەوا چارەسەرى پرسى رەواى گەلى کوردستان، فاکتەرى سەرەکییە بۆ هێنانەدى ئاشتى و ئارامیى لە رۆژهەڵاتى ناڤین و تەواوى جیهاندا، بێگومان چارەسەری بنەڕەتى و ریشەیى پرسی گەلى کوردستانیش لە سەربەخۆیی كوردستاندا دەبینینەوە، بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو لایەکتان دەکەین، کەوا لەم پێناوەدا هاوکار و پشتیووانمان بن".

Fly Erbil Advertisment