بکوژی دلین دەستگیرکرا و دان بە تاوانەکەیدا ده‌نێت

تێکەڵاوی لەگەڵ ماڵی باوکی منداڵە کوژراوەکە هەیە

K24 - دهۆك:

دلینی 10 ساڵان، کە لە رۆژی دووی جەژنی رەمەزانەوە لەناو سەنتەری شاری دهۆك بێ سەروشوێن بوو، دوای سێ رۆژ لە دیارنەمانی، رۆژی 8ی ئەم مانگە، لە ناو چەمێکی نزیك یاریگای وەرزشی دهۆك تەرمەکەی دۆزرایەوە.

گومانه‌كان ئاراسته‌ دوو برا كران

هەر لە سەرەتادا لە سەر ئەنجامدانی ئەم تاوانە لەلایەن پۆلیسەوە دوو برا دەستگیرکران کە له‌ بنه‌ڕه‌تدا كوردن و نیشته‌جێ مووسڵ بوونه‌.

دوای دۆزینه‌وه‌ی تەرمەکەی و لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی پۆلیس، سەرئەنجام درەنگانی شەوی رابردوو، یەکێك لە دوو برا دەستگیرکراوەکان، دانی بە تاوانەکەی دانا و هەموو راستییەکانی درکاند.

"تاوانباری سه‌ره‌كی"

تاوانبارەکە کە تەمەنی 47 ساڵە و تێکەڵاوی لەگەڵ ماڵی باوکی منداڵە کوژراوەکە هەیە، لە دووەم رۆژی جەژن دا داوا لە دلین دەکات کە لەگەڵی بڕوات بۆ شوێنێك کە گوایه‌ باوکی دلینی لێیە، تاوانبارەکە، بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاکسی کچەکە  لەگەڵ خوی دەباتە نزیك یاریگای دهۆك کە لەناو سەنتەری شارەکەیە و دەوروپشتی یاریگاکەش چۆڵەوانی و باخ و چەمە.

دوای رفاندنی دلین بۆ شوێنه‌كه‌ و هه‌وڵدان بۆ ئازاردانی، دلینی 10 ساڵان بە دەنگێکی بەرزەوە هاوار دەکات، بۆیە تاوانبارەکەش بە دارێکی باریك بە توندی لە مل و گەردەنی دلین دەدات و ده‌یكوژێت، تەرمەکەشی لەوێ بەجێدەهێڵێت.

ده‌نگدانه‌وه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

هەواڵی بێسەروشوێنبوونی دلین، دەنگدانەوەیه‌کی زۆری لە تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بە دوای خۆیدا هێنا، بە تایبەت دوای بینینی تەرمەکەی و ئاشکرابوونی تاوانبارەکان، هاووڵاتیان بە شێوازی جۆراوجۆر داوای به‌ سزاگه‌یاندنی تاوانبەرەکان دەکەن.

هاوكات رێكخراوه‌كانی پاراستنی مافی منداڵانیش، داوا له‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و دادگا و داواكاری گشتی ده‌كه‌ن، سزای تاوانبار له‌ سێداره‌دان بێت.

رێكخراوی ئه‌ستێره‌ی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی منداڵان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "ئەم تاوانە قیزەونەی رفاندنی منداڵێكی تەمەن 10 ساڵان و دواتر كوشتن و شێواندنی جەستەی بچوكی، پێویستە بەزووترین كات سزای تاوانباران بە لە سێدارەدان بدرێت نەك سزای زیندانی كردنیان و بە خێوكردنیان لە زیندانیە چاكسازییە پێنج ئەستێرەییەكان دا ژیان بكەن".

"تاوانباری پێشینه‌ی تاوانكاری هه‌بووه‌"

بە پێی بەدواداچوونی کوردستان24، تاوانبارەکە پێشووتریش رابردووی هەبووە و چەندین تاوانی دیكه‌شی ئەنجامداوە بە تایبەت ئەو کاتەی کە لە مووسڵ ژیاوە.

تاوانبارەکە لە دایکبوی 1972ی شاری مووسڵە و دوای نەمانی رژێمی بەعس و کەوتنی عێراق لە ساڵی 2003، ماڵیان لە مووسڵەوە دەگوازنەوە شاری دهۆك و لە یەکێك لە گەڕەکەکانی شارەکە نیشتەجێ دەبن، لەو شارەش دەستی لە تاوان هەڵناگرێت و چەندین تاوانی دیكه‌ ئەنجامدەدات، هەر بەو تاوانانەش چەند ساڵێک حوکمدەدرێت.

یەکێک لە تاوانە گەورەکانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لەسەر کێشەیه‌کی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌ و خوشكه‌كه‌ی تێوه‌گلاوه‌، دوای ئه‌وه‌ی خوشكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ به‌ندیخانه‌، تاوانباره‌كه‌ به‌ بیانووی بردنی خواردن و سه‌ردانیكردنی، ده‌چیته‌ به‌ندیخانه‌ی ئێتۆتی دهۆك و له‌وێش به‌ دزی ده‌مانچه‌یه‌ك ده‌باته‌ ژووره‌وه‌ و گوللـه‌یه‌كی لێده‌دات و بە سەختی برینداری دەکات.

دوای ئه‌و رووداوه‌، دەستبەجێ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت و حوکم دەدرێت، بەڵام دوای ماوەیه‌ك لە حوکمەکەی بەر بڕیاری لێبوردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت.

له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ریش تێوه‌گلاوه‌

دوای ئازادکردنی لە سەر بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە و  چەند کێشەیه‌کی دیكه‌ی جیاجیا، چەندینجار لەلایەن پۆلیسەوە داوا دەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، تا دواجار لە جەژنی رەمەزاندا دلینی 10 ساڵان دەڕفێنێت و بە دڕندانەترین شێوە ئازاری دەدات و ده‌یكوژێت.

به‌ گوێره‌ی زانیاریەکانی کوردستان24، دوای رووخانی رژێمی بەعس و دامەزراندنی فرقەی ئاڵتوونی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، ئەم تاوانبارە پەیوەندی بە و هێزە دەکات و بو ماوەی چەند ساڵێك وەکو سەربازێکی عێراقی لەگەڵیان بەردەوام دەبێت، بەڵام دواجار لەبەر کردەوە خراپەکانی لەوێش دەردەکرێت.

دوای کوشتنی دلینی 10 ساڵان، ئێستا تاوانبارە 47 ساڵییەکە، کە خێزاندارە، لە زیندانی دهۆكە و دانی بە تاوانەکەی دا ناوە و چاوەڕێی دادگاییکردنی دەکرێت، تەرمی منداڵە کوژراوەش لە پزیشکی دادی دهۆکە و هێشتا رادەستی کەسوکارییان نەکراوەته‌وه‌.

ئ. م

Fly Erbil Advertisment