لەبارەی كوژرانی گەنجێك لە چاڤیلاند پۆلیسی سلێمانی روونكردنەوە دەدات

"سێ كەس بە تۆمەتی كوشتنی گەنجەكە دەستگیر كراون"

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی چەند رۆژێك لەمەوبەر گەنجێك لە چاڤیلاندنی سلێمانی كورژا پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە سێ كەس بە تۆمەتی كوشتنی ئەو گەنجە دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "سێیەم رۆژی‌ جەژنی رەمەزان، لەرووداوێكی‌ شەڕكردندا لەبەر دەرگای یەكەمی پڕۆژه‌ی‌ گه‌شتیاریی چاڤی‌ لاند، گەنجێكی تەمەن 18 ساڵ به‌ناوی‌ (ع ، ح ، ع) كوژرا، دوای‌ رووداوه‌كه‌ هێزەكانی پۆلیس سێ‌ تۆمەتباریان دەستگیركرد".

لەو روونكردنەوەیەدا ھاتووە: "بۆ هەموو لایەكی روونیدەكەینەوە كه‌ هەر لەسەرەتای ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی لە رووداوی كوشتنی گەنجەكە، دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن گەیشتونەتە شوێنی رووداوەكەو گەنجەكە بە برینداری بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، بەڵام به‌داخه‌وه‌ بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە".

روونكراوەتەوە: "توانراوە سێ‌ تۆمەتبار بەناوەكانی (ن ، ح ، ج - ژ ، ن ، ح - أ ، ع ، ع ) دەستگیربكرێن ‌و رادەستی بنكەی پۆلیسی ئازادی بكرێن بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەكە. لەئێستادا لەلایەن پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە هەموو رێكارە یاساییەكان گیراونەتەبەرو هەركەسێكیش لەسەر ئەم رووداوە فەرمانی گرتنی بۆ دەربچێت دەستگیردەكرێت".

ھ.م