ئێران دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکی کردووەتە ئامانج
"لە کاتی هێرشەکەی کەنداو، سوپای پاسداران هەوڵی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمەریکی داوە"
K24 – ههولێر:
لە کاتی هێرشی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کەنداو، ئێران مووشەکی ئاراستەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکی کردووە.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو 13/06/2019، هێرشکرایە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری لە کەنداو و زیانی زۆریان پێگەیشت، ئەمەریکاش گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، رۆژی پێنجشەممە، ئەمەریکا لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی MQ-9، چاودێری ساتی هێرشەکەی کردووە، بەڵام سوپای پاسداران مووشەکێکیان ئاراستە کردووە، مووشەکە نەیتوانیوە ئامانجەکەی بپێکێت و کەوتووەتە ناو دەریا.
هەمان سەرچاوە دەریخستووە، چەند رۆژێک لەمەوبەر، حووسییەکانی یەمەن لە رێگای مووشەکی ئێرانیەوە، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکییان لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە.
ئێران تەواوی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و بە قسەی بێ بنەما و نابەرپرسانەی دەزانێت، بەڵام هێرشەکان سەلامەتی ئاوەکانی کەنداوی خستووەتە مەترسییەوە و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاش هۆشداریی دایە ئێران کە "ئەمەریکا بێ وەڵام نابێت".
The Daily Mail
H.J