كەسێك لەناو بازاڕی قەڵادزێ كوژرا
بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە و بەھۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لە دەست دا

K24 - راپەڕین
شەوی رابروو گەنجێکی تەمەن 31 ساڵە لە ناو بازاڕی قەڵادزێ دەستڕێژی گولـلەی لێ کراو گیانی لە دەست دا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، ئاشكرای كرد: "شەوی رابردوو لە ناو بازاڕی قەڵادزێ، هاووڵاتییەک بە ناوی ( ح . ح . ٲ ) لەدایکبووی ساڵی 1988 پیشەی کاسب، دانیشتووی قەڵادزێ له گەڕەکی هەنارۆک، بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ کە لەلایەن کەسێکەوە لەناو بازاڕ بە چەک تەقەی لێ کراوە و پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، بە هۆی سەختیی برینکەی گیانی لە دەست دا".
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەش كردووە: "دوای رووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".
چەند شایەتحاڵێك بە کوردستان24ـیان گوت "ئەو هاووڵاتییە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مێکزەمینی پێ بوو، شەو لە نزیک مزگەوتی قادرخانە لەناو بازاڕی قەڵادزێ دەستڕێژی گولــلەی لێ کرا".



