ژماره‌یه‌ك پسپۆر و ئه‌فسه‌ری ئێرانی له یه‌مه‌ن كوژران
هه‌وڵیاندا مووشه‌كێكی بالیستی هه‌ڵبده‌ن به‌ڵام به‌خۆیاندا ته‌قییه‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی سعوودیه "واس" كوژرانی ژماره‌یه‌ك شاره‌زای ئێرانی و چه‌ند ئه‌ندامێكی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن له سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن راگه‌یاند، كه به هۆی شكستهێنان و ته‌قینه‌وه‌ی مووشه‌كێكی بالیستی كوژراون.
لایی خۆیه‌وه پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "سێپته‌مبه‌ر نێت"ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگری یه‌مه‌ن بڵاویكرده‌وه، حووسییه‌كان له هه‌ڵدانی مووشه‌كێكی بالیستی له بنكه‌ی ئاسمانی دیلمی له باكووری سه‌نعای پایته‌خت شكستیان هێنا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌و كاته‌ی كه شاره‌زا ئێرانییه‌كان و چه‌كدارانی حووسی به نیازی هه‌ڵدانی مووشه‌كێكی بالیستی بوون له‌و بنكه ئاسمانییه، شكستیان له‌و كاره هێناوه و مووشه‌كه‌كه پێیاندا ته‌قیوه‌ته‌وه و له ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك پسپۆڕ و شاره‌زای چه‌كی ئێرانی و چه‌ند ئه‌ندام و چه‌كدارێكی حوسییه شیعه‌كان كوژراون.
پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری یه‌مه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، حووسییه‌كان بنكه‌ی ئاسمانی دیلمییان له باكووری سه‌نعا كردووه‌ته پێگه‌یه‌ك بۆ چه‌كداره‌كانیان و بنكه‌ی هه‌ڵدانی مووشه‌كی بالیستییان لێ جێگیركردووه و له‌وێوه فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان و مووشه‌كه بالیستییه‌كانی ئێران ئاراسته ده‌كرێت.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودی له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له سه‌نعا گواستییه‌وه، "به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و مووشه‌كه ژماره‌یه‌ك له پسپۆڕانی ئێرانی بواری مووشه‌ك له‌كاتی شكستهێنانیان بۆ هه‌ڵدانی مووشه‌كێك كوژراون، كه له‌گه‌ڵ میلیشیا حووسییه‌كانی بنكه‌ی دیلمی سه‌ربازی كار ده‌كه‌ن".
H.B