ئه‌مه‌ریكا: هیچ نامه‌یه‌كمان بۆ ئیرانییه‌كان نه‌ناردووه
"له‌سه‌ر ئێران پێویسته دیپلۆماسییه‌تی ئێمه به دیپلۆماسییه‌ت وه‌ڵام بداته‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و راپۆرتانه‌ی به‌درۆ خستنه‌وه كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، واشنتن به‌هۆی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكییه‌وه نامه‌ی ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران كردبێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وه راپۆرتانه‌ی به "راپۆرتی ئێرانی" ناوبردووه.
ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی، 21/6/2019، مۆرگان ئۆتاگۆس، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له رێگای تویته‌ره‌وه نوسیوویه‌تی: "ئه‌و راپۆرتانه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێگای عوممانه‌وه نامه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ناردووه، به‌ته‌واوه‌تی دووره له راستییه‌وه و پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی ئێرانییه و له‌سه‌ر ئێران پێویسته دیپلۆماسییه‌تی ئێمه به دیپلۆماسییه‌ت وه‌ڵام بداته‌وه".
ته‌نانه‌ت كۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئیواره‌ی رۆژی هه‌ینی ئه‌و هه‌واڵه‌ی رۆیته‌رزیان به درۆخسته‌وه كه له‌سه‌ر زاری دوو به‌رپرسی ئێرانی رایگه‌یاندبوو: "دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، شه‌وی پێنجشه‌ممه له رێگای عوممانه‌وه نامه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران ناردبێت و له باره‌ی ھێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران له نزیكترین كاتا هۆشداریی پێدابن و ماوه‌كه‌ش په‌یوه‌ست كرابێت به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نامه‌كه‌ی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپه‌وه.