گۆڕان كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێ یەكلایی دەكاتەوە

"پێشنیاز كراوە جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی پێكەوە كاندیدەكان ھەڵبژێرن"

K24 - سلێمانی

ھاوژین جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ دیاركردنی میكانزمی كاندیدەكانی حزبەكەی بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، بڕیاریشە لەسەر راسپاردەكانی جڤاتی گشتی بۆ یەكلایی كردنەوەی كاندیدەكان، سبەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆببێتەوە".

لەوبارەوە نەسرین جەمال، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24ی گوت: "بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان سیڤی زۆر پێشكەشكراون و پێشتر لیژنەیەكی 11 كەسیمان بۆ یەكلایی كردنەوەی كاندیدەكان پێكھێنابوو، دانیشتنی ئەمڕۆمان بۆ دانانی میكانیزمی ھەڵبژاردنی كاندیدەكانە".

گوتیشی: "لیژنەكە كۆمەڵێك خاڵی بۆ دیاركردنی كاندیدەكان داناوە و ھەڵبژاردنی كاندیدەكان بەپێی ئەو خاڵبەندییە نمرەیان بۆ دەداندرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد: "پێشنیاز ھەیە بۆ ئەوەی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی پێكەوە دابنیشن و دەنگ لەسەر كاندیدەكان بدەن".

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان جەختی كردەوە: "ئێمە ئامادەین و ھیچ گرفتێكمان بۆ رادەستكردنی سیڤی كاندیدەكان نییە".

ھ.م