ئەندامێكی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە گیانی لەدەستدا
"دوو گەریلای دیكەشی لەگەڵدابوون"
K24 - ھەولێر
كۆنسەی سەرۆكایەتی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) گیان لەدەستدانی، دیار غەریب ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە و دوو گەریلای پەكەكەی راگەیاند.
پێشتر ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵی فەرمی حكوومەتی توركیا رایگەیاندبوو "دەزگای ھەواڵگری توركیا میت و سوپای توركیا لە 27ـی مانگی رابردوو لە قەندیل ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر بارەگای ناوەندی پەكەكە ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا، دیار غەریب، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە كوژراوە".
ھەرچەندە ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاندووە، كە لە ھێرشی 27ی مانگی رابردوو ئەو سەركردەیەی پەكەكە كراوەتە ئامانج، بەڵام لە راگەیەندراوی كەجەكە ئاماژە بەوەكراوە، لە رۆژی 5ی ئەم مانگە واتە رۆژی ھەینی رابردوو دیار غەریب و دوو گەریلای دیكەی پەكەكە بەناوەكانی دەرڤان و شاھین كەوتوونەتە بەر ھێرشی ئاسمانی توركیا و گیانیان لەدەستداوە.
دیار غهریب محهممهد ناسراو بە ههڵمهت دیار، ساڵی 1973 لەناوچەی قەرەداغ لەدایکبووە، کۆلێژی زانست بەشی فیزیای تەواوکردووە، ساڵی 1992 پهیوهندی به پهكهكهوه كردووه، لە ساڵی 2008 بووەتە سەرۆکی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان (پەچەدەکە)، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بوو.
ھ.م